سۆما پورمحەممەدی: فارسی دەزانم بەڵام دوو ساڵە تەنیا بەکوردی قسە دەکەم

چاوپێکەوتن

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 215

راچڵکەکین-

سۆما پورمحەممەدی ئەو مامۆستا کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە 11 ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا و دوورخراوەتەوە لە شارەکەی، لە چاوپێکەوتنێکیدا باسی رەفتار و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەبەرامبەر خۆی دەکات و ئەوەش ئاشکرا دەکات، دوو ساڵە تەنیا بەکوردی قسە دەکات  و ئامادە نیە بەفارسی قسە بکات.

سۆما پورمحەممەدی مامۆستای زمانی کوردی، و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی کەلتوری-کۆمەڵایەتی "نەوژین"ە لە شاری سنە، ئەمساڵ لە دوو دۆسییەی جیادا سزای 11 ساڵ زیندانیکردن و دوورخستنەوەی بۆ شاری کرماشان بەسەرد سەپێندرا.

لە یەکەم دۆسییەیدا، لە دادگای شاری سنە، بەهۆی چالاکییەکانی لە ئەنجوومەنی نەوژین تۆمەتی "پێکهێنانی گروپ و کۆمەڵ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" 10 ساڵ سزای زیندانیکردن و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی ناوەندیی کرماشان سەپێندرا.

لە دۆسییەی دووەمدا، ناوبراو بەهۆی بوونی پەیوەندی بە بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا. بەکۆی گشتی 11 ساڵ سزای زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.

سۆما پورمحەممەدی لەگەڵ سایتی "رادیۆ فەردا" گفتوگۆیەکی کردووە، کە بەزمانی کوردی بووە و دواتر سایتەکە وەرگێڕانی بۆ کردووە، چونکە ئامادە نەبووە بە فارسی قسە بکات. 

لە سەرەتای گفتوگۆکەدا دەڵێت، زمانی فارسی دەزانێت بەڵام بەهۆی هەموو ئەو جیاکارییەی لەگەڵ زمانی کوردی دەکرێت لە ئێراندا، لەگەڵ ئەو رەفتارە ئەمنییە نەشیاوانەی کە بەرامبەر بە زمانی دایکی دەکرێت، ماوەی دوو ساڵە تەنها بەزمانی کوردی قسە دەکات و لەو گفتوگۆیەشدا بەهەمان شێوە ئامادە نەبووە بە فارسی قسە بکات.

سۆما پورمحەممەدی لە گفتوگۆکەدا باسی لە رەفتاری توندوتیژ و سووکایەتیئامێزی بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعات دەکات، و جەختی لەوە کردەوە، کە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا بەزمانی کوردی وەڵامی داوەتەوە، لەبەرامبەر ئەمەدا لێکۆڵەرەکە پێی وتووە :" بەزمانی مرۆڤ قسە بکە".

ئەم مامۆستایە رەفتاری نەشیاوی هێزە ئەمنییەکان بەمجۆرە باس دەکات :" چاویان بەستم و دەیانگوت دەبێت رووەو دیوارەکە دانیشیت و بەزمانی فارسی قسە بکەیت، جارێکیش بەهۆی بەرهەڵەستی کردنم لە بەرامبەر ئەم رەفتارانەیان، چەند کەسێک هاتن منیان گرت و بەسەختی منیان خستە سەر زەوی و لە نێوان چەند ژوورێکدا رایانکێشام و دوای ئەوە لەسەر چەند قادرمەیەک بەسەرمای زستان هەڵیاندامە ناو حەوشەوە."

ئەنجوومەنی نەوژین چەندین ساڵە بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بە مەبەستی بەڕێوەبردنی خول و وانەی زمانی کوردی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاگاییدان لە بوارە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و تواناسازییەکانی ژناندا کار دەکات.

سۆما محەممەدی کە چەندین ساڵە لە ئەنجوومەنەکە کار دەکات، رایگەیاندووە کە تا ئێستا هەموو بەرپرسانی ئەنجوومەنەکە لایکەم 10  بۆ 15 جار بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کراون و لێپرسینەوەیان لەسەر کراوە و زیندانیش کراون.

پێشتریش زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی نەوژین، بەتۆمەتی "دروستکردنی گروپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران" بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، دواتر لە دادگای پێداچوونەوە گۆڕا بۆ پێنج ساڵ و پاش ئەوەش، بەر لەو وادەیە لە زیندان ئازادکرا.

سۆران ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری زارا محەممەدی، ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنەکەیە کە پێشتر لە زیندانی شاری سنە زیندانیکرابوو.

سۆما پورمحەممەدی لە گفتوگۆکەدا دەڵێت :" حکومەت دۆسییەی ساختەمان لەسەر دروست دەکات، ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە بە هاوکاریکردنی حزبە کوردییەکان تۆمەتبار دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە هەر لە سەرەتاشەوە رێکخراوی نەوژین بڕیاریاندا لە رووی فکرییەوە سەربەخۆبن و پەیڕەوی لە هیچ کەس و حزبێک نەکەن. بەم پێیە ئەنجوومەنی نەوژین وێڕای رێزی بۆ هەموو حزبە کوردییەکان، هیچ پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبەکانی کوردستاندا نیە و بەتەواوەتی سەربەخۆیە، ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکان و دواتریش لە فەرمانی سزاکەماندا لەسەر من و ئەندامانی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە تۆمەتە، تا ئێستا یەک بەڵگەش لەسەر هەبوونی پەیوەندی ئەنجوومەنەکە لەگەڵ حزبە کوردییەکاندا نەبووە."

جەختی لەوە کردەوە کە :" دەزگای دادوەی بوێری ئەوەی نیە بڵێت لەبەر بەرگریکردن لە (هاوئاستکردنی کەلتوری) سزامان دەدات، بۆیە تۆمەتمان بۆ هەڵدەواسێت، من بەڕاشکاوی هەموو ئەم تۆمەتانە رەتدەکەمەوە."

لە گفتوگۆکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە دۆسییەکەی ئەو و ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنەکە تەنانەت یەک بەڵگەش نیە لەسەر ئەوەی پەیوەندییان بە حزبەکان یاخود کەسانی پەیوەستەوە هەبێت، بۆیە دەزگا ئەمنییەکان تۆمەتیان بۆیان هەڵواسیون :" لە دۆسییەکەدا تەنها نووسراوە کە، ویستوویانە کارێک بکەن، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە سزای 10 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاندووم".

بەوتەی سۆما پورمحەممەدی، تاکە بەڵگەیەک کە لە دۆسییەکەی ئەو و ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی نەوژین هەبێت، ئەوەیە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی "ژن ژیان ئازادی" و بزووتنەوەی ژینا ئەمینی کردووە، بۆ ئەمەش ساڵێک سزای زیندانیکردنیان وەرگرتووە.

پورمحەممەدی ئاماژە بەوە دەکات کە داوای پێداچوونەوەی بە سزاکەیدا کردووە و دەشڵێت :" من لە رۆژی یەکەمەوە وتم کە دەزگای داد دەزگایەکی رووکەشییە و دەسەڵات لای خۆی نیە. رەنگە ئێستاش دوای دادگای کۆتایی ماوەی زیندانییەکەم کەمبکرێتەوە، بەڵام من هیوام نیە و بەهەرحاڵ خۆم بۆ 10 ساڵ زیندان ئامادە کردووە".

لە ساڵانی دواییدا و بەتایبەت لە دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" ناسرابوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران رەفتارەکانیان لە بەرامبەر ئەنجوومەنی کەلتوری-کۆمەڵایەتی نەوژین توندتر کردووەتەوە.

ئەم خانمە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کاتێکدا سەرقاڵی دۆسییەی هاوسەرەکەی، ئیدریسی مینبەری بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. دواجار پاش چەندینجار لێپرسینەوە، دوای 27 رۆژ لە بەندکردنی بە بارمتەی یەک ملیار تمەن ئازاد کرا.

سرەوە پورمحەممەدی، خوشکی سۆما پورمحەممەدی و ئیدریس مینبەری هاوسەری ئەو، ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنەکەن و ساڵی رابردوو هەریەکەیان بە 10  ساڵ زیندانیکردن سزادران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن