چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامێكی بەپەلە ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی عیراق دەكات

عێراق

16/05/2024     ژمارەی بینراو 439

راچڵەكین -

چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران رادەگەیەنێت و داواش لەسەرجەم پەرلەمانتاران دەكات لە دانیشتنی رۆژی شەممە ئامادەبن بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبووەوەو راگەیەندراوێكیشی بڵاوكردەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوەكەیدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كردەوە، كە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت و یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكەش هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانە.

 لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا داوا لەسەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، بەرپرسیارییەتی خۆیان لەئەستۆ بگرن و بە شێوەیەكی بەرفراوان ئامادەی دانیشتنەكە ببن بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان.

بڕیارە لە دانیشتنی رۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی وەك كاندیدی حزبی تەقەدوم و سالم عیساوی وەك كاندیدی لایەنەكانی دیكەی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كێبڕكێی یەكتر بكەن، كە هەریەكەو لەلایەن بەشێك لە كوتلەكانی پەرلەمانەوە پشتیوانیی دەكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن