رۆژنامەکانی ئێران گومانیان هەیە؛ کۆپتەرەکەی رەئیسی خراوەتە خوارەوە

ڕاپۆرت

23/05/2024     ژمارەی بینراو 1681

راچڵەکین-

 

رۆژنامەکانی ئێران لە گومان لەسەر "خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی رەئیسیی" تاوەکو بوونی پیلانگێڕی باس دەکەن. یاخود دەپرسن چۆن دەکرێت دوای رووەکە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوەڵێکی رەئیسی کراوە کەچی دوای شەش کاتژمێر دوای تاریکبوون گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە؟

دوای پێنج ڕۆژ لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵانی، ڕۆژنامەکانی "هەم میهەن و جمهوری ئیسلامی" لە ژمارەی ئەمڕۆیاندا پرسیاریان لەسەر ئەم ڕووداوە وروژاندووە. ڕۆژنامەی هەم میهەن{هاونیشتیمانی} داوای رەواندنەوەی "ناڕوونیەکان" دەکات، لە کاتێکدا رۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" نووسیویەتی "ئەگەری پیلانگێڕی دەرەکیش" هەیە.

ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە وتارێکدا بەناونیشانی "بەردەوامی لاوازییەکان" نووسیویەتی، دوو "لاوازیی زۆر گەورە" لە پرسی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەدا هەیە، کە "یەکەمیان زانیاری نادروست و گوماناوییە".

بەپێی ئەم رۆژنامەیە کە چاپی تارانە:" یەکێک لە کێشەکان خۆی دەبینێتەوە لە؛ ئامادەبوونی رۆژنامەنووسەکانی تورکیا لە شوێنی رووداوەکە و گەیاندنی هەواڵی راستەوخۆ لەوێوە، لەگەڵ بوونی خەڵکی ماتۆڕسوار لە شوێنی رووداوەکە، پێش گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری."

ئاماژەوە بەوەش کراوە، ئەم بارودۆخە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران بەراشکاوی رایگەیاندووە کە ئەوان بینیویانە، ئەو هەلیکۆپتەرەی سەرۆککۆماری تێدابووە، چووەتە ناو هەورەوە و پاشان پەیوەندی رادیۆییان پچڕاوە و، هەلیکۆپتەری دووەم شوێنی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری زانیوە و دووجاریش بەوێدا سووڕاوەتەوە."

نووسەری وتارەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە هەمووی گرنگتر، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆمار بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەند جارێک لەگەڵ مۆبایلی فڕۆکەوانەکەدا قسەی کردووە، کە لەلایەن ئەلهاشمەوە وەڵامی دراوەتەوە و ئەمەش بەو مانایەیە کە سیگناڵ و پەیوەندی بە تاوەرەکانی پەیوەندییەوە هەیە کە دەتوانێت بە ئاسانی شوێنی کەوتنەکە بدۆزێتەوە بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە کە بۆچی نەیانتوانیوە تەرمەکەیان بدۆزنەوە تا دوای 6 کاتژمێر کە تاریک دەبێت؟"

بەپێی وتاری رۆژنامەکە، خاڵی دووەم و گرنگتر بریتییە لە "قسەی ناروون کە نەک هەر گومانەکان نارەوێنێتەوە، بەڵکو زیادیشی دەکات". قسەکانی بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار کە دەڵێت چەند جارێک لەگەڵ ئالهاشم قسەی کردووە و هاوکات لەگەڵ قسە هاوشێوەکانی جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆمار، کە ئەم دوو کەسە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری سەرەکی ئەم سەفەرەن، نە مەعقولن و نە قبوڵکراون."

یەکێک لە هاوەڵانی رەئیسی کە لەناو هەلیکۆپتەرەکە بووە، وتاربێژی تەورێز بووە بەناوی ئالهاشم. بەوتەی بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، تا چەند کاتژمێر دوای رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان زیندوو بووە و دووجار پەیوەندییان لەگەڵی کردووە.
 
ڕۆژنامەکە دەشڵێت "چۆن کەسێک تووشی کەوتنەخوارەوەیەکی لەو شێوەیە دەبێت و دەستی بە مۆبایلەکەی خۆی دەگات؟ چ جای ئەوەی مۆبایلی فڕۆکەوانەکەی لەبەردەستدا بێت و وەڵامی بداتەوە. لە کاتێکدا کە لە پەیوەندییەکەدا دەڵێت هیچکەس لە دەوروبەری خۆم نابینم؟"

لە کۆتاییدا ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی، "بەداخەوە خاڵ و ناڕوونی و دەنگۆی دیکەش هەن کە نەک هەر ڕوون نەکراونەتەوە، بەڵکو بە دواخستنی وەڵامدانەوەش سەرلێشێواوی لە مێشکی خەڵکدا دروستکردووە".

رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی چی دەڵێت؟

ڕۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" ئەمڕۆ لە یاداشتێکدا لە ژێر ناوی "سازش ڕێگەپێدراو نییە" سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی: " وێڕای ئەوەی رێی تێدەچێت هۆکاری کەشوهەوا پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە هەبێت، ئەو ڕاستییەی کە لە کۆی سێ کۆپتەری ئێرانی کە لە ناوچەی سنوورییەوە بۆ تەورێز دەگەڕێنەوە، تەنیا ئەو کۆپتەرەی کە سەرۆک کۆماری هەڵگرتبوو، تووشی ئەم ڕووداوە بوو، بەڵام ئەگەری پیلانگێڕی دەرەکی بەهێزتر دەکات."

ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی نووسیویەتی: "هەرچەندە هەواڵە سەرەتاییەکانی ڕۆژی ڕووداوەکە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە هۆکارەکانی کەشوهەوا ڕۆڵیان تێدا هەبووە، بەڵام وردە وردە گریمانەکان روویان لە پیلانگێڕی کرد، بەجۆرێک سەرۆکی ئەرکانی گشتیی چەکدارانی ئێران وتی، هێزەکان گروپێکیان ڕاسپارد کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن ڕوویداوە”.

بەگوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە: "ئەم گروپە تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام گریمانە لەسەر بوونی پیلانی دەرەکی لەو ڕووداوە لە ئاستێکدایە کە ئێستا هەموو بۆچوون و گریمانەکان بەو ئاراستەیەن".

نووسەری بابەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕای گشتی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ چیرۆکەکە دەکات و دەیەوێت ڕاستییەکان بزانێت".

ڕۆژنامەکە دەڵێت:" یەکێک لەو خاڵانەی کە تیشک دەخاتە سەر ئەگەری پیلانگێڕییەک کە هەلیکۆپتەرەکەی هەڵگری سەرۆک ڕەئیسی و هاوەڵەکانی تێدابوو، شوێنی ڕووداوەکەیە."

لە درێژەی بابەتەکەدا نووسیویەتی: خاڵێکی دیکە کە کاریگەرە لە بەهێزکردنی ئەگەری پیلانگێڕیی ئەو هەلیکۆپتەرەی کە سەرۆک ڕەئیسی و هاوەڵەکانی هەڵگرتبوو، ئەوەیە کە هەندێک لە شارەزایانی تەکنیکی ڕایانگەیاندووە کە کۆپتەرەکە سەرەتا لە ئاسماندا تەقیوەتەوە و دواتر کەوتووەتە خوارەوە. لەم گریمانەیەدا دەکرێت ڕووداوەکە بەهۆی دەستێوەردانەکانی دەرەوە یان ناو کۆپتەرەکەوە بێت، لە هەردوو حاڵەتەکەدا مەسەلەکە ئاڵۆزە و دەتوانرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت."


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن