ڕاستکردنەوەی هەڵەی منداڵ
ڕاچڵهكین-
یەکێک لە بنەما بنچینەییەکان لە پەروەردەکردنی منداڵدا بریتییە لە چارەسەرنەکردنی کێشە لەکاتی کێشەدا و ڕاست نەکردنەوەی هەڵە لەکاتی هەڵەدا، بۆ نموونە منداڵەکەت بە گریان و هاوارەوە داوای شتێک دەکات، یان خەریکە ئازاری یەکێک دەدات، چی دەکەیت؟
ئامۆژگاری کردن، تووڕەبوون یان سزادانی لەسەر ئەو ڕەفتارە، تەنیا ڕەفتارەکە دەوەستێنێت، واتە تەنیا ڕووکەشی کێشەکە چارەسەر دەکات،بەڵام فێری (خۆ-بەڕێوەبردنی) ناکات کە ئەمەیان لێپرسراوێتی ڕاستەقینەی ئێمەیە بەرانبەر منداڵەکانمان.
- یەکەمیان گۆڕینی ڕەفتارە.
- دووەمیان پەروەردەکردنە.
بەڵام ئەگەر تۆ:
1- هێمنی خۆت بپارێزیت.
2- بە میهرەبانییەوە یارمەتی ئەویش بدەی لە هێوربوونەوە و ڕەواندنەوەی هەستە دژوارەکانی.
3- هاوسۆزی نیشانبدەیت و ببیتە ئاوێنە بۆ ئەو ئەزموونە ناوەکی و بارە دەروونییەی پێیدا تێدەپەڕێت.
4-ئەوجا دواتر لەکاتێکی هێمندا قسە لەسەر ڕەفتارەکەی بکەیت و داوای لێبکەی کە پێکەوە بیر لە ڕێگەیەکی باشتر بکەنەوە.
ئەوا تۆ هەم ڕەفتارە دروستەکەی فێر دەکەیت وە هەم فێری خۆبەڕێوەبردن و بیرکردنەوە لە دەرەنجامی ڕەفتارەکانیشی دەکەیت کە پەروەردەی ڕاستەقینەش ئەوەیە.
"ئازیزەکەم، لەو کاتانەیا کە شتێکت بەدڵ نابێ دەبینم زۆر ناڕەحەت دەبیت و هەست بە تووڕەیی دەکەیت، هەربۆیە لەتاوا جنێو دەدەیت و بە شتدا دەکێشیت، دەڵێیت چی پێکەوە بزانین لەو کاتانەیا دەتوانیت چی بکەیت و چۆن تووڕەییەکەت بەشێوەیەکی باشتر دەرببڕی.."
ئەم بنەمایە بۆچی گرنگە؟
چونکە ئەو ساتانەی منداڵ دەکەوێتە ناو تەوژمی هەستە دژوارەکانەوە (توشی سترێس و هەڵچوون دەبێت) ساتگەلێکی لەبار نییە بۆ فێرکاریی.
هۆکارەکەشی ئەوەیە لەو کاتانەدا لەپی ڕاستی مێشک (ئەو بەشەی بەرپرسیارە لە هەست و هەڵچوونەکان) ئەوەندە چالاکە ڕێگە نادات بە هیچ بیرکردنەوە و جوڵەیەکی مەنتقی. پێویستمان بە کاتە تاکو لەپی چەپ (ئەو بەشەی بەرپرسیارە لە مەنتق و کۆنتڕۆڵ) دەکەوێتە گەڕ و تۆ دەتوانیت پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ منداڵەکەتدا دروست بکەیتەوە.
کەواتە ئەگەر دەتەوێت منداڵەکەت پەروەردە بکەیت؛ لەکاتی کێشەداهەوڵی چارەسەر مەدە و لەکاتی هەڵەدا پەلەت نەبێ هەڵەکەی بۆ ڕاست بکەیتەوە و ڕەفتارە دروستەکەی فێر بکەیت. چونکە فێربوونی ڕاستەقینە بە دەروونێکی ئارام و لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی تەندروستدا دروست دەبێت.
ئا:ئەحمەد خالیدی
ماستەر لە پەروەردەی خێزانی