ئەنجومەنی ئاسایش پرۆژەیاسایەکی بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەندکرد

جیهان

10/06/2024     ژمارەی بینراو 157

راچڵەکین-

 

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژەیاسای ئەمەریکای بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پەسەند کرد.

 

لەکۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە، 14 ئەندام دەنگیان بە پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە دا و نوێنەری ئەمەریکاش لە ئەنجومەنی ئاسایش وتی، پێویستە پابەندبن بە چارەسەری کێشەکانی نێوان دوو دەوڵەت.

 

پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشنیارێکی نوێی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە ئاشکرا کردبوو و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی پشتیوانی خۆیان بۆ پێشنیارەکە دەربڕی.

 

بەگوێرەی پێشنیارەکەی بایدن، هەردوولایەنی شەڕکەر دەبێت پابەندبن بە ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکان و ئیسرائیلیش دەبێت رازی بێت بە کشاندنەوەی هێزەکانی لەو ناوچانەی دانیشتووانی چڕییان تێدایە و رێگە بدات بە رەوانەکردنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ فەڵەستینییەکان.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە نوێترین سەردانیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد فشار لە بزوتنەوەی حەماس بکەن بۆ ئەوەی رازی بێت بەو پێشنیارەی بۆ ئاگربەست خراوەتەڕوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن