بەرگری شارستانی رێنمایی خۆپارێزی لە گەرمای هاوین بڵاودەكاتەوە

کوردستان

20/06/2024     ژمارەی بینراو 221


راچڵەین -

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم، چەند رێنماییەك بە مەبەستی خۆپارێزی لەگەڵ هاتنی یەكەم ڕۆژی وەرزی هاویندا بڵاودەكاتەوەو داواش لە هاووڵاتیان دەكات لە رووبار و چەمەكان مەلە نەكەن و چەرخ و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیش لەناو ئۆتۆمبیلەكانیان بەجێنەهێڵن.

دەقی رێنماییەكان:

۱- پێویستە ئۆتۆمبێلەكان دوور بن لەو كەرەستانەی خوارەوە كە ئاماژەیان پێكراوە لەكاتی وەستاندا:

- خواردنەوە گازییەكان بەهەموو جۆرەكانیەوە.

- هەوو جۆرە چەرخێك.

- بتڵی ئاو.

- بۆن و پاوەربانك و ئامێرە ئەلكترۆنیەكان بە گشتی.

- پێویستە پەنجەرەی ئۆتۆمبێل كەمێك بكرێتەوە.

- پڕنەكردنی تانكی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەكە بە تەواوی. 

- تایەی ئۆتۆمبێل زیاتر لە پێویست پڕمەكەرەوە، بەتایبەتی لە كاتی ڕێگا دوورەكان لەكاتی چوونەدەرەوە و گەشت.

۲- خواردنەوەی بڕێكی زۆر ئاو و شلەی جۆراوجۆر بەتایبەت لەكاتی بەركەوتنی تیشكی خۆردا، بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمی شلەمەنی لە لەشدا.

۳- ئاگاداربە لە بەر تیشكی خۆر سلندەر (بگڵی) غازی چێشت لێنان دانەنێیت.

٤-دڵنیابوون لەوەی سویچی كارەبا لۆدی زۆریان لەسەر نەبێت،  ئەیركۆندیشن با كارناكات تەنها لەو شوێنانە نەبێت كە خێزانەكە یان یەكێك لە ئەندامەكانی ئامادەبن،

٥- وایەرەكانی كارەبا لۆدی زیاد لە توانای دیاریكراوی خۆی نەخرێتە سەری، و بەكارنەهێنانی تەقسیمی كارەبایی بۆ چەند ئامێرێك.

٦- دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی ڕاستەوخۆی تیشكی خۆر بەتایبەتی لە ماوەی كاتژمێر ١١ی بەیانی تا ٣ی پاش نیوەڕۆ.

۷- كوژاندنەوەی ئامێرە كارەباییە زیادەكان بۆ كەمكردنەوەی باری قورسی سەر تۆڕەكانی كارەبا.

٨- پێویستە خاوەن مۆلیدەكان گەیەنەری كوالیتی بەرز دابنێن و وایەری جاڵجاڵۆكەی هەڕەمەكی بەكارنەهێنن.

۹- پاشماوەی دروێنەی بەروبوومی گەنم و جۆ نەسوتێنرێت بە مەبەستی ئامادەكردنی زەوی بۆ چاندن دووبارە هەر كەسێ هەستێ بە سوتاندنی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسای دەبێتەوە.

۱۰- بەهەموو جۆرێك مەلەكردن لە ڕووبار و چەمەكان قەدەغەیە جگە مەلەوانگە ڕێگەپێدراوەكان.

۱۱- دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانی سەلامەتی لە مەلەوانگەكان و ڕێنماییكردنی خاوەن مەلەوانگە بە ڕێنمایی و قووڵایی مەلەوانگە.

۱۲- بەكارهێنانی چەتری پارێزەر لە تیشكی بەتینی خۆر ، ڕاستترین ڕێكارە بۆ سەلامەتی پێستی مرۆڤ.

۱۳- هەوڵدان بۆ ئاودانی باخ و دارەكان بۆ پاراستنیان، هەروەها باشتركردنی كەشی دەوروبەری باخچەكان.

۱٤- كارپێكردنی چەندین نافورەی ئاو لە گۆڕەپان و پاركە گشتییە جیاوازەكان بۆ باشتركردنی كەش و هەوای گەرم.

۱٥- چاندنی زیاتری درەختی هەمیشە سەوز بۆ دابینكردنی سێبەری گونجاو، هەروەها بۆ نەرمكردنی بەرگەهەوا و دابینكردنی ئۆكسجین بۆی.

۱٦- پێویستی و خێرایی پەیوەندیكردن بە تەلەفۆنی كۆنترۆڵی بەرگری شارستانی (115) بەبێ بەرامبەر لە هەموو هێڵ و تۆڕەكانەوە لەكاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێكی لەناكاو هاوڵاتیان دەتوانن بەیوەندی بەم ژمارەیەوە بكەن لە پارێزگاكانی ( هەولێر ، سلێمانی ، دهۆك ، هەڵەبجە ) ئیدارە سەربەخۆكانی ( سۆران ، گەرمیان ، راپەرین ، زاخۆ ، ئاكرێ).

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن