دامەزرێنەری ویکیلیس بەڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا ئازاد کرا

جیهان

25/06/2024     ژمارەی بینراو 392

راچڵەکین-

جولیان ئاسانج دامەزرێنەری ویکیلیکس دوای ڕێککەوتنی لەگەڵ دادگای ئەمریکا لە زیندانی بەریتانیا ئازاد کرا. ئەمریکا تۆمەتباری کردووە بەوەی بەبڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی، ئەمنییەتی وڵاتی لە بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی ڕێککەوتنی ئاسانج لەگەڵ ئەمریکا، ناوبراو دان بەتاوانەکانیدا دەنێت و لە بەرامبەردا ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی واتە ئوسترالیا.

ئاسانج کە تەمەنی 52 ساڵە، تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی بۆ بەدەستهێنان و ئاشکراکردنی زانیاری بەرگری و ئەمنی ئەمریکا.

چەند ساڵێکە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، ئاسانج تۆمەتبار دەکەن بە مەترسی خستنە سەر ژیانی خەڵک, لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی دۆسیە لە ویکیلیکسەوە، کە زانیاری لەسەر شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان ئاشکرا دەکات و هەوڵیانداوە ڕادەستی ئەمریکای بکەن بۆ دادگاییکردن.

ئاسانج بەلایەنی کەمەوە پێنج ساڵە لە بەریتانیا زیندانی کراوە، لەوێشەوە داوای یاسایی خۆی لە "دژی ڕادەستکردنەوەی بە ئەمریکا" تۆمار کردبوو.

بەپێی یەکێک لەو بەڵگەنامانەی کە پێشکەشی وەزارەتی دادی ئەمریکا کراوە، بڕیارە بەڕێز ئاسانج بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی؛ ئوسترالیا.

داواکارانی گشتی ئەمریکا سەرەتا ویستیان دامەزرێنەری ویکیلیکس بە 18 تۆمەت دادگایی بکەن، لەوانەش بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی سەربازی ئەمریکا و پەیامی دیپلۆماسی پەیوەست بە شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق. ئەو تۆمەتانە زیاتر لەسەر بنەمای پێشێلکردنی یاسای دژە سیخوڕی لە ئەمریکا بووە.

کۆمپانیای ویکیلیکس کە لە ساڵی 2006 لەلایەن جولیان ئاسانجەوە دامەزراوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە زیاتر لە 10 ملیۆن بەڵگەنامەی بڵاوکردەوە کە دواتر حکومەتی ئەمریکا بە "یەکێک لە گەورەترین دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان لە مێژووی ئەمریکادا" وەسفی کرد.

ماڵپەڕەکە لە ساڵی 2010دا گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆپتەرێکی ئەپاچی سەربازی ئەمریکای بڵاوکردەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007، کە زیاتر لە 12 هاوڵاتی مەدەنی عێراقی لە نێویاندا دوو پەیامنێری ڕۆیتەرز لە بەغدا کوشت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن