لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان بڕیاردرا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 11

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی لەبەرژەوەندی ئەو فەرمانبەرانە دەركرد كە تەمەنی خانەنشینیان نزیكبووەتەوە.

دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان لەنووسراوێكدا كە تیایدا بەهەمان شێوە ئاماژە بە نووسراوێكی وەزارەتی دارایی كراوە بۆ بابەتی درێژكردنەوەی تەمەنی خزمەتی خانەنشینیی كەسوكاری شەهیدان، ئەوەی ڕوونكردووەتەوە:" پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەو فەرمانبەرانەی كە كەسوكاری پلە یەك و پلە دووی شەهیدن، بەڵام لە دەزگای شەهیدانی حكومەتی فیدراڵی تۆمارن، پێنج ساڵ ماوەی خانەنشینییان درێژ ناكرێتەوە و نابێت ناویان لە لیستی مووچەشدا هەبێت."

"ئەو كەسوكاری شەهیدانەی یاسای ماف و ئیمتیازی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان دەیانگرێتەوە، تەمەنی خانەنشینییان درێژ دەكرێتەوە، بەڵام ئەوانەی سەر بە دەزگای شەهیدانی حكوومەتی فیدراڵین ئەو بڕیارە نایانگرێتەوە و درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵی نایانگرێتەوە." وەك لەنووسراوەكەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا هاتووە.

ئاماژە بەوەش دراوە: "بەپێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دارایی فیدراڵ ناوی ئەو كەسانە لە لیستی مووچەدا زیاد ناكرێت."

 پاڵپشت بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بەدەر لە تەمەنی یاسایی خانەشینی، ئەو فەرمانبەرانەی كە كەسوكاری پلە یەك و پلە دووی شەهیدن، پێنج ساڵ ماوەی خزمەتیان درێژ دەكرێتەوە، بەمەش تەمەنی خانەنشینییان لەجیاتی 60 ساڵی دەبێتە 65 ساڵ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن