ژمارەیەك بەرپرس بەتاوانی گەندەڵی زیندانی دەكرێن

عێراق

30/06/2024     ژمارەی بینراو 302

راچڵەكین -

دادگای تاوانەكانی پارێزگای بابل، بە تاوانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، سزای زیندانیكردن بەسەر ژمارەیەك بەڕێوەبەرو بەرپرسی پێشووی شارەوانیی ئەو پارێزگایە دەسەپێنێت.

دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەش بەرپرسی پێشووی شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای بابل، دوای یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی گەندەڵییەكانیان لەلایەن دادگاوە، بەشێوەی غیابی سزای زیندانیكردن و غەرامەی داراییان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو شەش بەرپرسە، كە دوانیان پێشتر بەڕێوەبەری شارەوانی بوون و لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی لە پۆستەكانیان لادرابوون، بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا، هەڵاتوون و شوێنی نیشتەجێبوونیان نازانرێت، هەربۆیە دادگای كەتنی بابل بەشێوەی غیابی سزای بەسەردا سەپاندوون.

بەپێی راگەیەندراوەكەی دەستەی دەستپاكی، یەكێك لە تاوانبارەكان، كە سەرۆكی شارەوانی قاسم بووە لە پارێزگای بابل و لەلایەن دادگاوە بە دوو ساڵ زیندانیكردن سزادراوە، چەندین كەیسی گەندەڵی لەسەر ئاشكرابووە، لەوانەش وەرگرتنی بەرتیل، پێدانی زەوی نیشتەجێبوون بە كەسانی نزیك لەخۆی بەشێوەی نایاسایی و گۆڕینی رەگەزی زەوییەكی بازرگانی بۆ نیشتەجێبوون.

بەگوێرەی ئامارەكانی دەستەی دەستپاكیی عیراق، لەماوەی ئەمساڵدا سەدان بەرپرسی حكومی لە زۆربەی پارێزگاكانی عیراق، بەتاوانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، فەرمانی زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە، كە بەشێكیان بەهۆی هەڵاتنیان بۆ دەرەوەی وڵات، بەغیابی حوكمدراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن