هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە و داوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و دیالەیان کرد

عێراق

02/07/2024     ژمارەی بینراو 226

راچڵەکین-

ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی-ش تێیدا ئامادەبوو، کۆبووەوە و جەختیان لەوە کردەوە، گرنگە حکومەتە خۆجێیەکانی کەرکوک و دیالە پێکبهێنرێن.

کۆبوونەوەکە  لە ماڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووە، باسی چەندین دۆسیەی پەیوەست بە دۆخی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقی کراوە.

تەوەرێکی کۆبوونەوەکە جەخت کردنەوە بووە لە گرنگی پێکھێنانی ھەردوو حکومەتی خۆجێی کەرکوک و دیالە زووترین کات. ھەروەھا ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ھەوڵەکانی حکومەتی عیراقی بەرزنرخاند لەبارەی پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبارکردنی دەسەڵاتی دادوەری عیراق بەھیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

هەر لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، داواکرا پرسی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن پارتە رکابەرەکانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
 
هاوپەیمانێتییەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: "بەپێی دوایین راپۆرتی لیژنەی پەیوەندیدار بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت، رێژەی جێبەجێکردن گەیشتووەتە 68٪."


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن