راچڵەکین-
چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو کە مەسعود بارزانی سەرۆک پارتی دیموکراتیش تێیدا بەشدابوو ڕایگەیاند، جەخت لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستەکان کرایەوە بەرامبەر پرسە نیشتمانییەکان بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی عێراق و گەلەکەی بێت.
شەوی ڕابردوو لە ماڵی عەممار حەکیم لە بەغدا کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا، لە ڕاگەیەندراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە هەوڵی جیدی بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هاوکاریکردنی هێزە سیاسییەکان لەو پێناوەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەودا ئاماژە بەوە کراوە، ئامادەبووان هاوڕابوون لەسەر گۆڕینی شێوازی کارکردنی هاوپەیمانان بۆ شێوازێکی دیکە لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا داواکراوە " بەدواداچوون بکرێت بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و چارەسەرکردنیان بەگوێرەی دەستوور."
لای خۆشییەوە بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
مەسعود بارزانی ڕۆژی ڕابردوو سەردانی بەغدادی کردووە و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی عێراق ئەنجامبدات. دوێنێ لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی خستەڕوو، کە ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق دروستبووە، دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان."
مەسعود بارزانی دوایین سەردانی بۆ بەغدا، 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 ئەنجامی دابوو.