راچڵەکین-
دژەتیرۆری کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:10ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەنێوان قەزای شنگال و تەل قەسەب بۆردومان کرد.
دژە تیرۆری کوردستان دەشڵێت، ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدا بووە و بەهۆی بۆردومانەکەوە بەسەختی بریندار بوونە.
لەلایەکی دیکەوە، كامەران عوسمان لە رێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، دوو میدیاکاری (چرا تیڤی) نزیک لە یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، بە سەختی برینداربوون. هەر بەهۆی بۆردوومانەکەوە، ئۆتۆمبێلی بە ئامانجگیراو خۆی کێشا بە ئۆتۆمبێلێکی تردا و بووە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکەی تر.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا 11 جار بۆردوومانی قەزای شەنگال و ناوچەکانی دەووروبەری کردووە.
ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی بادینان، کە بەپێی ڕێکخراوی CPT، لە مانگی رابردووەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووەو ژمارەیەك بنكەی سەربازیی نوێی لەناوچەی بادینان دامەزراندووەو بە قوڵایی 15 كیلۆمەتر خای هەرێمی بەزاندووە.