راچڵەکین-
قایمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنەیەک بۆ پێداچونەوە بە ڕێژەی دەستی کاری بیانی و خۆماڵی لە پرۆژەکاندا پێکهێنرا. دەشڵێت:" لە سلێمانی هەوڵ دەدرێت لە پرۆژەکاندا زۆرترین دەستی کاری ناوخۆیی بخرێتەگەڕو ئاماری کرێکاری بیانی و ناوخۆیی وەردەگیرێت."
قایمقامییەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکانی شارەکە، گفتوگۆ کرا لەبارەی ژمارەی ئەو پرۆژانەی لەسنوری سلێمانیدان و ژمارەی ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن، بەجۆرێک بێت رێژەی دەستی کاری خۆماڵی (٧٥٪) کەمتر نەبێت و داستی کاری بیانی لە (٢٥٪) زیاتر نەبێت.
قایمقامییەت دەڵێت، ئەم هەنگاوە لەپێناوی ئەوەیە کە زۆرترین کەسانی شارەزاو خاوەن بڕوانامە بخرێنە سەر کار.
ئاماژە بەوەش کراوە:"هەر لەکۆبونەوەکەدا ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد هەرچیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەستی کاری ناوخۆیی لە پرۆژەکاندا بێت دەیکەن و لەڕێگەی لیژنەو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە رێگە نادەن کرێکاری بیانی جێگای دەستی کاری ناوخۆیی بگرێتەوە."
وتیشی: هانی دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان و ئەو کەسانەی بێکارن دەدەین لە بەڕێوبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناو تۆمار بکەن بۆئەوەی بەپێی پسپۆڕییان لەشوێنی گونجاودا کاریان بۆ بدۆزرێتەوە.