راچڵەکین-
پۆلسیی ئاکرێ رایگەیاند، ژنێک لەسەر دۆسیەی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی لە دادگای کەتنی دهۆک بۆ دەرچووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ لە راگەیەنراوێکدا دەڵیت، تیمەکانی بنکەی پۆلیسی گوڵان هەستان بە دەستگیرکردنی ژنێکی تەمەن 32 ساڵ کە تاوانبارە بە دۆسیەی ماددەی هۆشبەر.
ئاماژە بەوەش کراوە، دادگای کەتنی دهۆک بە پشتبەستن بە ماددەی 30 یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەری ژمارە1ی ساڵی 2020 فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو بۆ ژنە دەرکردبوو. لە ئێستادا ئەو ژنە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.