راچڵەكین -
بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەكانی گەرما لە ئێران، بڕیاردرا سبەینێ لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا بكرێتە پشووی فەرمی.
ئەنجوومەنی زانیاری حكومەتی ئێران بڵاویكردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەكانی گەرما و بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و ئیدارەدانی بەكارهێنانی وزە، بڕیاردرا سبەینێ یەكشەممە لە تەواوی دامودەزگا حكومییەكان بكرێتە پشووی فەرمی.
بەپێی بڕیارەكە، جگە لە خزمەتگوزارییەكانی هاوكاری، سبەینێ تەواوی دامودەزگا گشتییەكان و بانكەكان لە سەرانسەری ئێراندا دادەخرێن.
ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی گەرمای بەتین زۆربەی ناوچەكانی ئێرانی گرتووەتەوە، كە لەهەندێ ناوچەی باشووری ئەو وڵاتە، پلەكانی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی، بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ لەكاتژمێر 10ی بەیانییەوە دەوامی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگا گشتییەكان و بانكەكاندا راگیرا.