راچڵەکین-
بۆ دووەمجار بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، بە دوو مووشەک کرایە ئامانج و لایکەم پێنج سەربازی ئەمریکی برینداربوون. ئەمریکا دەڵێت ئەم پێشهاتە مەترسیدارە و هێزی زیاترمان رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) دووپاتیکردەوە کە شەوی دووشەممە لە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد چەند سەربازێکی ئەمریکی برینداربوون.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی یۆئاڤ گالانت، جەختی لەسەر "پابەندبوونی واشنتۆن بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران، حزبوڵای لوبنان و گروپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئێران" کردەوە.
هەروەها لۆید ئۆستین ڕایگەیاندووە کە یۆئاڤ گالانتی لە دوایین هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاگادارکردووەتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز راگەیاندووە، بەھۆی ھێرشەکەوە لانیکەم پێنج سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، بەرپرسێکی ئەمریکیش بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، دوای ھێرشەکە ھەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی بنکەکە دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە.
لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە، ئەوە چوارەمین ھێرشە بکرێت سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ھێرشەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا ڕاگرت.
بنکەی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار و یەکێکە لەو بنکانەی کە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.
دوابەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس لە تاران، نیگەرانییەکان لە تۆڵەسەندنەوە و تەشەنەکردنی شەڕ بۆ ناوچەکە زیادی کردووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاوێژکاریی دیپلۆماسی بەرفراوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەبووە.
هێزە چەکدارەکانی عێراق چەندین جار بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد-یان کردۆتە ئامانج کە شوێنی ژمارەیەک هێزی ئەمریکییە لە عێراق. دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە بەغدا، ئێران لە ناوخۆی ئێرانەوە ئەم ناوەندە سەربازییەی کردە ئامانج.
چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە ئەمریکا لە "ژووری بارودۆخ"ی کۆشکی سپی، ئەو شوێنەی کە کۆبوونەوە ئەمنییەکانی کابینەی حکومەتی ئەمریکای تێدا بەڕێوەدەچێت، بە ئامادەبوونی سەرۆک جۆ بایدن و پلە باڵاکانی ئاسایش و سەربازی، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو بەرپرسانی ئەم وڵاتە.