راچڵەكین -
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی سبەینێیدا خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژەیاسایەك دەكات، كە یەكێكیان هەمواركردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدانە.
فەرمانگەی كاروباری پەرلەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردەوە، كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی سبەینێ چوارشەممە، دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و تێیدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكرێت.
بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای دامەزراوەی شەهیدان ژمارە 2ی ساڵی 2016 دەكرێت، كە لەلایەن لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی ئامادەكراوەو پێشتر خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرابوو.
لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانیشی دەكرێت، كە بڕیارە گۆڕانكاری لە 14 ماددەی یاساكە بكرێت.