خانمێکی 37 ساڵ وەک گەنجترین سەرۆکوەزیرانی تایلەند دەستبەکاربوو

جیهان

16/08/2024     ژمارەی بینراو 325

راچڵەکین-

پەرلەمانی تایلەند ئەمڕۆ پاونگتەرن شیناواترای وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات هەڵبژارد. ئەم خانمە کە کچی تاکسین شیناواترا، سیاسەتمەدارێکی دیاری تایلەندییە، تەمەنی 37 ساڵە و بە بچووکترین سەرۆک وەزیران دادەنرێت لە مێژووی تایلەنددا.

پاونگتەرن شیناواترا دوای دوو ڕۆژ لە دەرکردنی سێرتا تاویسین، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تایلەند، دەستبەکاربوو.

ناوبراو هەرگیز لە هیچ پۆستێکی حکومیدا خزمەتی نەکردووە و هاتنە ناو گۆڕەپانی سیاسی لەلایەن باوکیەوە، تاکسین شیناواترای تەمەن 75 ساڵ ڕێکخرابوو.

پەرلەمانی تایلەند ڕۆژی پێنجشەممە گۆڕەپانی پێکدادانێکی نێوان پارت و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی  بوو کە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا و ترسی بەردەوامی گێژاوی سیاسی لەو وڵاتەدا دروست کرد.

پاونگتەرن شیناواترا دووەم سەرۆکوەزیرانی ژنە لە مێژووی تایلەند و سێیەم سەرۆکوەزیرانی بنەماڵەی شیناواترایە. باوکی و پووری پێشتر سەرۆکوەزیرانی تایلەند بوون و لەو وڵاتەدا بە سیاسەتمەدارێکی مشتومڕاوی دادەنرێن.

پاونگتەرن شیناواترا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ هەڵبژاردنی وەک سەرۆکوەزیرانی تایلەند، ڕایگەیاند، شانازی بە متمانەی پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە دەکات. 319 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە نزیکەی دوو لەسەر سێی دەنگەکانی پەرلەمانی تایلەند بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی تایلەند.

کێشە ئابوورییەکان و پەرەسەندنی لایەنگرانی جەماوەری پارتی ڕکابەر لە پەرلەمان لە گرنگترین ئاستەنگەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێی تایلەندن.

لە دەیەکانی ڕابردوودا تایلەند گۆڕەپانی کودەتا و بڕیارەکانی دادگا و ئاژاوەگێڕییەکان بووە، کە چەندینجار هەڵوەشاندنەوەی پارتە سیاسییەکان و ڕووخانی حکومەتەکان و ڕووخانی سەرۆک وەزیرانەکانی لێکەوتووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن