تیاگۆ مۆتا ڕەخنە لە یاریزانانی یۆڤانتۆس دەگرێت

وەرزش

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 65

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

تیاگۆ مۆتا ڕاهێنەری یۆڤانتۆس ناڕەزایی خۆی لە ئاستی یاریزانەکانی دەربڕی دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە لە گەڕی سێیەمی خولی پلە یەکی ئیتاڵیا بەرامبەر ڕۆما بە ئەنجامی 0-0 یەکسان بوون.

مۆتا ئاماژەی بەوەکرد، یاریزانەکانی پێویستە وردتر بن لە هێرشبردندا، دوای ئەوەی یانەکەی لە یاریگای خۆی بەرامبەر ڕۆما کەوتە داوی یەکسانبوون بەبێ گۆڵ.

یۆڤانتۆس لەم وەرزەدا یەکەم دوو خاڵی لەدەستدا، کە بە دوو سەرکەوتنی سەرنجڕاکێش لە کۆمۆ و هێلاس ڤێرۆنا بە ئەنجامی 3-0 دەستیپێکرد.

ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە کە پێش دەستپێکردنی وەرزی ئێستا ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی یۆڤانتۆسی گرتە ئەستۆ، لە شوێنی ماسیمیلیانۆ ئالێگری، جەختی لەوە کردەوە کە “ئەنجامەکە لە یارییەکی هاوسەنگدا دادپەروەرانە بوو، ئاماژەی بەوەشکرد، شتە ئەرێنییەکە ئەوەیە کە تیپەکەی هیچ گۆڵێکی لێنەکرا و خاڵێکی بەدەستهێنا".

مۆتا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من زۆر ڕازیم بە پابەندبوونی گروپەکە، بەڵام دەمانتوانی ئەمڕۆ ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەین، بەتایبەتی سەبارەت بە وردی لە هێرشبردندا، تیپی بەرامبەر دەیانزانی چۆن بەرگری بکەن و شوێنەکان بەجێنەهێڵن.

مۆتا وتیشی: ئەمڕۆ هەندێک جار باش بووین، لە کاتەکانی تریشدا ڕۆما یانەیەکی باشتر بوو، بەڕاستی یارییەکە قورس و هاوسەنگ بوو، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ساتێکی گونجاومان نەدۆزیەوە بۆ لێدانی ڕۆما ، کە دەبێت جەختی لەسەر بکرێتەوە. ئەوان تیپێکی گەورەن." پێویستە لە ڕووی هێرشبردنەوە باشتر بین."

یوڤانتۆس لە دوو بردنەوە و یەک یەکسانبوونێکدا 7 خاڵی بەدەستهێناوە و لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولی ئیتاڵیادایە، بە هاوبەشی لەگەڵ ئینتەرمیلان.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن