ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئەمڕۆ دووشەممە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا، هەڵوێستی جود بێلینگهامی یاریزانی ئینگلیزی، ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید، لەبارەی گەڕانەوەی بۆ یارییەکان ئاشکرا دەکات.
بێلینگهام دوو هەفتە لەمەوبەر توشی پێکانێکی ماسوکەیی بوو، هەروەها لە دواین سێ یاریی ڕیال مەدرید لە خولی پلە یەکی ئیسپانی بەرامبەر یانەکانی بەلەد وەلید و لاس پالماس و ڕیال بیتیس نەیتوانی بەشداری بکات و هەروەها لە هەردوو یارییە هەڵبژاردەکەی ئینگلتەرا دوورخرایەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی، ماوەی دوورکەوتنەوەی بێلینگهام تا مانگێک بووە، بەڵام پێدەچێت پێشکەوتنێک لە بارودۆخی ئەو یاریزانە هەبێت کە ڕەنگە بتوانێت بە خێرایی بگەڕێتەوە پێش یارییەکەی شەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی ڕیال سۆسیداد.
ڕیال مەدرید دوای پشووی یارییە نێودەوڵەتیەکان یەکەم یاری خۆی بەرامبەر یانەی ڕیال سۆسیداد ئەنجام دەدات، دواتر ڕۆژی 17 ی ئەم مانگە لەیەکەم یاریی چامپیۆنزلیگ لە نێو یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ بەرامبەر یانەی شتوتگارت یاریی دەکات.
مۆندۆ ڕوونیشیکردەوە، بڕیارە بێلینگهام لەم هەفتەیەدا بەشداری مەشق و ڕاهێنانی کۆمەڵەکان بکات، هەورەها بانگهێشتی یارییەکەی ڕیال سۆسیداد دەکرێت.