سودانی: پێشبینی دەکەین ئەمساڵ کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر بکرێت

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 162

راچڵەکین-

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەردەم دوو بژاردەداین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە تورکیاوە. دەشڵێت:" پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بگەیەنە چارەسەر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت".

محەممەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگ دەڵێت: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركیەوە، دوو بژاردەمان لەبەردەستە؛ یەکەم هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانە، بەڵام كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم رەتیانكردووەتەوە، دووەم بژاردەش هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە، کە ئەوەش پرسێكە پێویستی بە سازانی سیاسیە.

سودانی ئەوەشی وتووە: گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، پێشبینی دەكەین ئەمساڵ بگەیەنە چارەسەر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، سودانی لەبارەی نەوتی عێراقەوە دەڵێت: عێراق وڵاتێكی گرنگە لە رێكخراوی ئۆپیك پڵەس و، پابەندە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

دەشڵێت: ئێمە وەک عێراق پابەندین بە بڕیارەكانی ئۆپیك، بەوشێوەیەی پارێزگاری لە نرخی نەوت و هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندی بەرهەمهێنەرو بەكاربەردا دەكات.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا، لە 25ـی ئاداری 2023  راگیرا.

بەپێی ئامارەکانی ئەپیکور "کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان"، بەهۆی ئەم راگرتنەوە زیاتر لە 19 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن