راچڵەكین -
حكومەتی عیراق كاروانێكی دیكەی كۆمەك و هاوكاری رەوانەی لوبنان دەكات كە بریتییە لە 15 تۆن كەرەستەو پێداویستیی پزیشكی.
مانگی سووری عیراقی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا بڕێكی زۆر پێداویستی پزیشكی لەڕێگەی فڕۆكەوە رەوانەی لوبنان كرا، ئەمڕۆ پێنجشەممە كاروانێكی دیكەی كەرەستەو پێداویستی دیكەی پزیشكی كە بڕەكەی 15 تۆن دەبێت، لەڕێگەی وشكانییەوە رەوانەی ئەو وڵاتە كرا.
دكتۆر عەلی موسەوی، بەڕێوەبەری بەشی تەندروسیت لە رێكخراوی مانگی سووری عیراقی، بە میدیاكانی راگەیاندووە، ناردنی پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ لوبنان، بەپێی ئەو لیستە بووە كە وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە داوایكردووە بۆیان رەوانە بكرێت.
بەرپرسەكەی مانگی سووری عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، هاوكارییەكان 40 جۆر كەرەستەی پزیشكی لەخۆدەگرێت و ناردنی هاوكارییەكانیش بۆ لوبنان بەردەوام دەبێت.
لەدوای هێرشەكانی چەند رۆژی رابردووی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، حكومەتی عیراق بڕیاریدا بەپەلە كۆمەك و هاوكاریی جۆراوجۆر بۆ لوبنان رەوانە بكرێت، ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ پێشوازیكردن لەو هاووڵاتیانەی باشووری لوبنان كە بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، ناوچەكانی خۆیان جێهێشتووە.