راچڵەكین -
پۆلیسی توركیا دەستگیركردنی كەسێكیان راگەیاندن كە تۆمەتبارە بە هێرشكردنە سەر بارەگای دەم پارتی لە شاری ئەنكەرە.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێرشكرایە سەر بارەگای سەرەكیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لەشاری ئەنكەرەی پایتەخت، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەیان لەرووداوەكە دەستپێكردو توانییان تۆمەتبارێك دەستگیربكەن.
پۆلیسی ئەنكەرە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لەمیانی لێكۆڵینەوەدا دەركەوتووە تۆمەتبارەكە، كە لەنزیك بارەگاكەی دەم پارتی دەستگیركراوە، شەو بە سەرخۆشی چووەتە بەردەم ناوەندی گشتیی دەم پارتی و بە بەرد هێرشی كردووەتە سەر دەرگای دەروازەی چوونە ژوورەوەی بیناكە، لە ئەنجامی هێرشەكەشدا جامەكانی دەروازەی چوونەژوورەوەی بیناكە شكاوە و زیان بە تابلۆی پارتەكەش كەوتووە.