راچڵەكین -
بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانسی سێیەمی بزوتنەوەكە دەكات و راشیدەگەیەنێت، كۆنفرانسەكە دەكرێتە وێستگەی گۆڕانكاری ریشەیی و بەخۆداچوونەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، رایگەیاندووە، وەكو پێویستیەكی ژیانی ڕێكخراوەیی و پابەندی قانونی؛ بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ مانگی داهاتودا، ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانسی سێهەم لە شاری سلێمانی دەكات.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "ئەم كۆنفرانسە دەكرێتە وێستگەی گۆڕانكاری ریشەیی و بەخۆداچونەوە هەڵسەنگاندنی گشتگیر، بۆ ئەدای كاری دامەزراوەكان و یەكە ریكخراوەییەكان".
بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاندووە، لەسەر ئەو بنچینەیە و وەك بنەمایەك بۆ كاری پێكەوەیی، بانگەواز لە هەمو ئەو هاوڕێ و كەسایەتی وهەڵسوڕاو و گۆڕانخوازانە دەكەین، كە پەرۆشن بۆ بەهێزكردنەوەی گۆڕان، بەپڕۆژە، سەرنج و تێبینی و بۆ چونەكانیان بەشداربن، لە دەوڵەمەندكردن و گەڵاڵەكردنی دەستورێكی گونجاو و پەیكەرەیەكی رێكخراوەیی و داڕشتنەوەی بەرنامە و گوتاری سیاسی بۆ قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەكەمان.