راچڵەكین -
هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی باشوورو رۆژهەڵاتی لوبنان بەردەوامەو ژمارەی كوژراوو برینداران 17 هەزار كەسی تێپەڕاند، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش داوای هاوكاری بەپەلەی پزیشكی له كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ چارەسەركردنی برینداران.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، ئاشكرایكردووە لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی باشووری وڵات و باشووری بەیروت-ی پایتەخت، كە لەرۆژی 8ی ئۆكتۆبەری ساڵی پارەوە تائێستا بەردەوامە، سێ هەزارو 117 كەس كوژراون و ژمارەی بریندارانیش بۆ 13 هەزارو 888 كەس بەرزبووەتەوە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، تەنها لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا لەئەنجامی چەند هێرشێكی سوپای ئیسرائیل، دەیان كەسی دیكە كوژران و بریندار بوون.
هاوكات، وەزیری تەندروستی لوبنان لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست كرد بەپەلە هاوكاری پزیشكی و تەندروستییان بۆ رەوانە بكەن و وتیشی:" كەرتی تەندروستی لە دۆخێكی ناهەمواردایەو كەلوپەلی پێویستیمان لەبەردەست نەماوە بۆ چارەسەركردنی برینداران".