راچڵەكین -
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتییەوە، نۆ رۆژ پشوو بۆ فەرمانبەرانی ناوچەكانی ماددەی 140 رادەگەیەنێت، داواش لە دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت دەكات بۆ ئەو مەبەستە ئاسانكاری بۆ كارمەندەكانیان بكەن.
لە نوسراوێكدا كە ئەمڕۆ پَنجشەممە بەواژۆی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگاكانی نەبەستراوە بە وەزارەت كراوە، تێیدا هاتووە، بەمەیەستی ئاسانكاری بۆ پڕۆسەی سەرژمێری، لە رۆژی 15 بۆ 23ی ئەم مانگە پشوو دەبێت بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و كارمەندانی سەربازیی و خوێندكارانی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن كە خەڵكی ناوچەكانی ماددەی (140)ی دەستورن.
لە نوسراوەكەدا رێكخراوەكان و كۆمپانیا و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت راسپێردراون كارئاسانی بكەن بۆ كارمەندەكانیان كە خەڵكی ناوچەكانی ماددەی (140)ن بۆ ئامادەنەبوون لەهەمان ماوە تا بتوانن بەشداربن لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیدا.