راچڵەکین-
وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند: ئەو رێککەوتنە وادەکات دەیان هەزار هاوڵاتی لە لوبنان و ئیسرائیل بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
دوابەدوای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بە "ساتێکی مێژوویی" لە قەڵەمدا.
ئۆستین روونی کردەوە، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ دەبێتە هۆی ئەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە لوبنان و ئیسرائیل بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردن و جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
ئۆستین هیوای خواست کە پریشکی ئەم رێککەوتنە بەر غەززەش بکەوێت و جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە باشترکردنی بارودۆخی مرۆیی لە غەززە کرد.
رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بە شەڕەکانی نێوان هەردوولا هێنا کە لە هەشتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دەستی پێ کرد و لە مانگی نۆی ئەمساڵدا ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردەوە و بە فەرمی وەکو جەنگ رایگەیاند.
هـ . یـ