راچڵەکین-
حزبوڵڵای عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوامیی هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند سەرەڕای ئاگربەستەکەی لوبنان کە دوێنێ لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیەندرا.
لە بەیاننامەیەکەیاندا هاتووە، "ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل نەدەکرا ئەگەر خۆڕاگری حزبوڵڵا و بێتوانایی ئیسرائیل نەبوایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بۆیە ئاشکرایە کە بڕیارەکە بڕیارێکی لوبنانی بوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەریکا لە هەموو تاوانەکانی کوشتن و وێرانکاریدا پاڵپشتی ئیسرائیل بووە، بۆیە درەنگ یان زوو دەبێت باجەکەی بدات."
دووپاتیان کردەوە "هەڵوێستیان نەگۆڕە لەسەر پرسی فەڵەستین و خوێنی خۆیانی لەسەر دەڕێژن"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە غەززە بەجێناهێڵین، هەرچەندە قوربانیدانەکان گەورە بن و بێباکن لە هەڕەشەکانی دوژمن."
دوێنێ سێشەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان کراوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەم ئاگربەستە 60 رۆژییە ئەوەیە هەمیشەیی بێت و وتیشی "حزبوڵڵا هەر پێشێلکارییەک بکات ئیسرائیل مافی خۆیەتی وڵامی بداتەوە."
هـ . یـ