چارەنووسی بەشار ئەسەد یەكلایی دەكرێتەوە

جیهان

07/12/2024     ژمارەی بینراو 533

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا

راچڵەكین -

وڵاتانی روسیا، ئێران و توركیا نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەركردنی دۆخی سوریا دەخەنەڕوو، بەگوێرەی نەخشەڕێگاكەش، بەشار ئەسەد بەشێوەیەك كاتی لە دەسەڵات دەمێنێتەوەو بەشی زۆری دەسەڵاتەكانيشی رادەستی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی کاتی دەکات، دوای نوسینەوەی دەستورێكی نوێ، هەڵبژاردن لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت. 

ئەمرۆ شەممە، وەزیرانی دەرەوەی روسیاو ئێران و توركیا، لەشاری دەوحەی پایتەختی قەتەڕ كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێشهاتەكانی سوریاو چارەسەركردنی دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا نەخشەڕێگایەك بۆ ئایندەی سوریا خراوەتەڕوو، كە جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش لەخۆدەگرێت بۆ راگرتنی شەڕ لەو وڵاتەو گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی نەخشەڕێگاكە، لە هەنگاوی یەكەمدا سەرجەم هێزە چەكدارەكان دەگەڕێنەوە پێگەكانی خۆیان و شارەكان چۆڵ دەكەن، ئەركی پاراستنی شارەكانیش بە هێزی هاوبەشی پۆلیس دەسپێردرێت، تا كۆتایی ساڵی داهاتووش هەموو هێزێكی بیانی دەبێ لەخاكی سوریا بچنە دەرەوە. 

لەخاڵێكی دیكەدا هاتووە، وڵاتانی رووسیاو ئێران و توركیا وەك چاودێریكاری جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئەستانە، سەرپەرشتی بڕیاری ئاگربەست لەسوریا دەكەن، لەماوەی مانگێكدا حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانیی لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی دا پێكدەهێنرێت. 

نەخشەرێگاكە چارەنووسی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریای یەكلایی كردووەتەوە، كە بەشێوەیەكی كاتی لە پۆستەكەی دەمێنێتەوەو نابێ لە 9 مانگ زیاتر بێت، لەو ماوەیەشدا بەشی زۆری دەسەڵاتەكانی رادەستی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی دەكات، كە مەرجە كەسێكی سەربەخۆ بێت و لایەنداری لەهیچ لایەن و پێكهاتەیەكی سوریا نەكات. 

بەگوێرەی خاڵێكی دیكەی نەخشەڕێگاكە، لیژنەیەكی نوێ بۆ نووسینەوەی دەستوری سوریا پێكدەهێنرێت، ئەندامانی لیژنەكەش بەیەكسانی لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و حكومەتی دیمەشق و بەرەی ئۆپۆزسیۆن دیاری دەكرێن، لەدوای (6-9) مانگیش لەو رێكارانە، حكومەتی یەكێتی نیشتمانیی، وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی سوریا دیاری دەكات. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن