پەرلەمان پڕۆژەی سیستمی تۆماركردنی مۆبایل رادەگرێت

عێراق

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 176

راچڵەكین -

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كاركردن بە پرۆژەیەكی تایبەت بە سیستمی تۆماركردنی مۆبایل رادەگرێت و داواش لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان دەكات هیچ گرێبەستێك ئەنجام نەدات تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن.

كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: ئەو لیژنەیەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە پڕۆژەی سیستمی تۆماركردنی مۆبایل، بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بە راگرتنی پرۆژەكە تا لێكۆلینەوەكان تەواو دەبن.

ئەو پەرلەمانتارە كە ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەكەیە، ئاماژەی بەوەكرد، لیژنەكە بە فەرمانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆك و ئەندامانی دیاریكراوە بۆ لێكۆلینەوە لەو گومانانەی لە رێوشوێنی ئیحالەكردن و مەترسی ئەمنی لە پڕۆژەی سیستمی تۆماركردنی مۆبایلدا هەیە. وتیشی:" پڕۆژەی سیستمی تۆماركردنی مۆبایل لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراقەوە دراوە بە كۆمپانیایەك بۆ جێبەجێكردنی.

كاروان یاروەیس راشیگەیاندووە، بەپێی پڕۆژەكە، لەمەودوا هەر جۆرە مۆبایل و ئامێرێكی پەیوەندیكردن هاوردەی عیراق دەكرێت، بە كۆدێك تۆمار دەكرێت و هەر مۆبایلێك تۆمار نەكرێ، لەكاركردن دەوەستێ، هەر بیانی و گەشتیارێكیش بێتە عیراق پێویستە مۆبایلەكەی تۆمار بكرێ و هەرچی ئەو مۆبایل و ئامێرانەی پێش دەستبەكاربوونی سیستمەكەش هاتوونەتە عیراق و ئێستا لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەكاردەهێنرێ، بە كۆدێك تۆمار دەكرێ بەبێ بەرامبەر.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئامانج لە پڕۆژەكە، زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی نانەوتی و رێگرییە لە بەقاچاخ هێنانی مۆبایل، بەڵام لەبەرامبەردا پەرلەمانتاران گومانیان لە بوونی گەندەڵی لە پێدانی پڕۆژەكە بە كۆمپانیا و هەروەها مەترسییان هەیە كە لەبواری ئەمنیدا خراپ بەكاربهێنرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن