راچڵەکین-
لەبارەی ئاستی یەدەگی خوێن بەڕێوەبەری راگەیاندنی
بانکی خوێن لە هەولێر رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی 73 هەزار بوتڵ خوێنیان
وەرگرتووە و لە ئێستاشدا یەدەگی خوێن لە ئاستێکی پێوانەیدایە و پێویستیان بە
بانگەوازی بەپەلە نییە بۆ وەرگرتنی خوێن و دەتوانن پێویستی نەخۆشخانەکان دابینبکەن.
هاوکار قەرەداغی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی
بانکی خوێن لە هەولێر لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ساڵی ڕابردوو لە بانکەکە 72 هەزار و 501 یەکەی خوێن کە ژمارەیەکی
پێوانەییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، وە هەر یەکەیەکی خوێن کە
وەردەگیرێت دابەش دەکرێت بۆ سێ بەش کە بریتین لە خڕۆکەی سوور، پەڕەکانی خوێن،
پلازما، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی
رابردوو بە تێکڕا بڕی 145 هەزار و 555 یەکەی خوێن دراوە بە نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی کەرتی
گشتی و کەرتی تایبەت، هەر بۆیە بانکەکە لە ئێستادا پێویستی بە هیچ بانگەوازێکی
بەپەلە نییە بۆ خوێن بەخشین، چونکە یەدەگێکی گەورەی لە یەکەی خوێن هەیە.
لەبارەی کۆکردنەوەی ئەو ژمارە
پێوانەییەوە باسی لەوە کرد، توانیویانە کە ئەو ژمارە زۆرە لە یەکەی خوێن لە رێگای
هەڵمەتەکانی خوێن بەخشینەوە کۆبکەنەوە و لەو رێژەیەش کە ماوەتەوە 62٪ـی بۆ
نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی دەنێردرێت و 37٪ بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت
دەنێردرێت.