راچڵەکین-
وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا
رایگەیاند، گەشتیارانی عێراق لە تورکیا، لە پێشەنگی لیستی وڵاتانی عەرەبیدان، چونکە
نزیکی یە ملیۆن گەشتیاری عێراقی سەردانی تورکیایان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە،وەزارەتی ڕۆشنبیری و
گەشتوگوزاری تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە هاتنی گەشتیاران
بۆ تورکیا لە مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024،
عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدایە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەو ماوەیەدا 898
هەزار و 759 گەشتیاری عێراقی سەردانی تورکیایان کردووە، ئەمەش سەرەڕای کەمبوونەوەی
ژمارەی گەشتیاران بەڕێژەی 8.99% بەراورد بە ساڵی 2023 بەڵام ژمارەی سەردانیکەرانی
عێراقییەکان هەر لە بەرزیدا ماوەتەوە.
وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لەو
ڕیزبەندەدا سعوودیە پلەی دووەمی گرتووە بە 822 هەزار و 785 گەشتیار، لە دوای ئەویش
جەزائیر بە 294 هەزار و 291 گەشتیار پلەی سێیەمی گرتووە، دواتر ئوردن لە پلەی
چوارەم دێت بە 286 هەزار و 126 گەشتیار، لە کۆتاییدا کوێت بە 251 هەزار و 616
گەشتیار پلەی پێنجەمی گرتووە.