قەتەر مووچەی فەرمانبەرانی سوریا دابین بكات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 123

راچڵەکین-

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی حکومەتی سوریایی نوێ بڵاویكردەوە، قەتەر بەنیازە موچەی تەواوی فەرمانبەرانی حكومەتی سوریا دابین بكات و بۆ ئەو مەبەستە داوای لە ئەمریكا كردوە کە سوریا لە لیستی سزاكان دەربهێندرێت. دیپلۆماتکارێکی وڵاتانی عەرەبیش دەڵێت، "گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام".

 

لەو بارەیەوە رۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكدا بە پشتبەست بە دیپلۆماتکارێکی باڵا و بەرپرسێکی ئەمریکی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەوەی بڵاوکردەوە، بە مەبەستی زیادکردنی بەرچاوی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە سوریا، قەتەر بەنیازە یارمەتی دارایی دیمەشق بدات و لەبارەیەوە بەڵێنی بە ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتەش داوە.

لەلایەکی دیکەشەوە،بەرپرسێکی وڵاتانی عەرەبی ئاماژەی بەوەشكردوە، "گفتوگۆکان سەبارەت بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی سوریا لەلایەن قەتەرەوە بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام، ڕەنگە وڵاتانی دیکەش بەشداری لەو هەوڵانەدا بکەن".

هاوکات لە درێژەی دابینکردنی مووچەی سوریا، چەند دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ئەوەیان بۆ رۆیتەرز ئاشکراکردووە، کە قەتەر لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵێكی زۆری داوە کە لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن کۆببێتەوە تا بتواندرێت سوریا لە لیستی سزاکان دەربکرێت، چونکە قەتەر بەو شێوەیە دەتوانێت هاوکاری دارایی سوریا بکات.

 

ئەوە لەكاتێكدایە وەزیری دارایی لە حکومەتی كاتی سوریا ڕایگەیاند، کۆی موچەی مانگانەی فەرمانبەران بە زیادکردنیشەوە، نزیکەی 120 ملیۆن دۆلارە، كە زیاتر لە ملیۆنێک و 250 هەزار فەرمانبەر لە لیستی موچەی کەرتی گشتیدان.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن