نرخی زێر لە بەرزترین ئاستی چوار هەفتەی رابردوودایە

ئابوری

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 32

راچڵەکین-
سەرەڕای ئەوەی نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانجی هەفتانە لەلایەن بازرگانان و بانکەکانی ئاسیاوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام لە ئێستاشدا نرخی زێر لە بەرزترین ئاستی چوار هەفتەی رابردوودایە کە هەر ئۆنسەیەک بە 2664 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە،نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕیژەی 0.099٪ دابەزی و بە 2664 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و لە گرێبەستەکانی داهاتوودا" فیوچەر پرایس" نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.19٪ دابەزی بۆ 2678 دۆلار.

شارەزایانی بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە بڵاویانکردووەتەوە،نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێودەکرێت و لە ئێستاشدا بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە نرخی زێڕی دابەزیوە و نەیتوانیوە زیاتر سەربکەوێت.
 بەرزبوونەوەی نرخی زێر هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ئامارەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی کرێکاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە، تێیدا هاتبوو ئامارەکانی ژمارەی دامەزراندنەکان کەمبوونەتەوە و لەبەرامبەریشدا رێژەی بیکاری بەرزبووەتەوە.

رۆژی 8ـی ئەم مانگە وەزارەتی کاری ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودابە تێکڕا تواندراوە تەنها 122 هەزار کەس دابمەزریندرێت لەسەرجەم کەرتە جیاوازەکان کە ئەو رێژەیەش کەمترە لە ئامارەکانی مانگی 11ـی ساڵی 2024.
 سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت، هەر بۆیە بازرگانان پێیانوایە، ئامارە نوێیەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە هاندەدات بە هەمان شێوازی ئێستای بەردەوام بێت لە دابەزاندنی سوودی بانکی لە ئەمساڵدا کە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

نرخی زێڕ لە هەولێر بەپێی نرخی داندراو لەلایەن سەندیکای زێڕنگرانەوە بۆ ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە؛

یەک ئۆنسە زێڕ بە 2664 دۆلارە و نرخی 100 دۆلار بە 150 هەزار و 100 دینار دیاریکراوە بۆ هەر مسقاڵیک بەمەش نرخی فرۆشتنی هەر مسقاڵیک بەم جۆرە دەبێت؛

مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 655 هەزار دینارە 

مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 600 هەزار دینارە

مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 573 هەزار دینارە

مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 490 هەزار دینارە 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن