ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس لە نێوان ئەمرۆ و مێژوودا

جیهان

12/01/2025     ژمارەی بینراو 385

راچڵەکین-
سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەبارەی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس راپۆرتێک بڵاودەکاتەوە و لە میانی راپۆرتەکەشدا ئاماژە بە 13 گەورەترین ئاگر لە مێژوودا دەکات.دەشڵێت،"تەشەنەسەندنی خێرای ئەو ئاگرکەوتنەوە کە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا و بەتایبەت شاری لۆس ئەنجلۆسی گرتۆتەوە، یادەوەرییەکانی بۆ هەندێک لە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم جۆرە لە مێژووی هاوچەرخدا بە بیری هاوڵاتیاندا هێنایەوە، کە زیانی گەورەی  مرۆیی و ژینگەیی ماددی بەرچاوی لێکەوتەوە".

هاوکات بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی شاری لۆس ئەنجلۆس کە بۆ ناوچە جیاوازەکان بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 30 هەزار باڵەخانە زیانیان پێگەیشتووە یان لەناوچوونە.

لە خەمڵاندنە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگرکەوتنەوەکان، کۆمپانیای پێشبینیکردنی ئاکووێزەر ڕایگەیاندووە، کۆی زیانەکان و زیانە ئابوورییەکان 135-150 ملیار دۆلارە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاگری پالیسادز لە نێوان سانتا مۆنیکا و مالیبو لە لای ڕۆژئاوای لۆس ئەنجلۆس و ئاگری ئیتۆن لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە لە نزیک پاسادینا، لە ئێستاوە بە وێرانکەرترین دادەنرێت لە مێژووی ئەو شارە ئەمریکییەدا، کە زیاتر لە 34 هەزار دۆنم ڕووبەری هەیە کە بووە هۆی سووتانی تەواوی گەڕەکەکان.

لە کاتێکدا تیمەکانی ئەمریکا چاوەڕێی تەواوبوونی هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوە و نەهێشتنی ئاگرەکەن بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ زیانەکانی ئاگرەکە، تا ئێستاش چەندین ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە دارستانەکاندا بونیان هەیە.

 بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ کۆمەڵێ ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە، وەک لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ژینگەپارێزی Earth.Org ئاماژەی پێکراوە ، کە لە چەند وڵاتێک بەم شێوەیە بووە:

1- ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تایگای سیبیریا

لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕوویدا - لە یەکێک لە گەرمترین هاوینەکاندا کە تا ئێستا لە ئەوروپا تۆمارکراوە - کاتێک زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 55 ملیۆن دۆنم زەوی لە دارستانەکانی تایگا لە ڕۆژهەڵاتی سیبیریا لە ڕووسیا لەناوبرد.
پێدەچێت تێکەڵەیەک لە بارودۆخی لەڕادەبەدەر وشک و زیادبوونی ئیستغلالکردنی مرۆڤەکان لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووبێت لەو ڕووداوەی کە وەک یەکێک لە وێرانکەرترین و گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی کێوی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەبیر دەکرێت.

2- ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئوسترالیا

ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی ئوسترالیا لە ساڵی 2020ـدا بەهۆی کاریگەرییە کارەساتبارەکانی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان کەوتە مێژووەوە. ئاگری توند لە ویلایەتی نیو ساوس وێڵز و کوینزلاندی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا گرتووەتەوە و بەهۆیەوە 42 ملیۆن دۆنم زەوی سووتاو و هەزاران باڵەخانە وێران بوو دەیان کەسیش گیانیان لەدەستدا، هەروەها سێ ملیار ئاژەڵیش گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا 61 هەزار کوالا.

ئوسترالیا لە نێوان کۆتاییەکانی 2019 تا سەرەتای 2020 گەرمترین و وشکترین ساڵی تۆمارکراوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو لە ئاگرکەوتنەوە وێرانکەرەکانی دارستانەکاندا.

داتاکانی ڕێکخراوی چاودێری کەشوهەوا دەریدەخەن کە تێکڕای پلەی گەرمی ئوسترالیا لە ساڵی 2019ـدا 1.52پلەی سەدی لە سەرووی تێکڕایەوە بووە، ئەمەش وایکردووە کە گەرمترین ساڵ بێت لەوەتەی تۆمارەکان لە ساڵی 1910دەستیپێکردووە؛ مانگی یەکی ساڵی 2019 گەرمترین مانگ بوو کە تا ئێستا لە ئوسترالیا تۆمار کراوە. بارانبارین بە ڕێژەی 40% لە خوار تێکڕای بارانبارینەوە بووە، کە کەمترین ڕێژەی بارانبارین بووە لە ساڵی 1900ەوە.

3- ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی باکووری ڕۆژئاوا لە کەنەدا

لە هاوینی ساڵی 2014ـدا زیاتر لە 150 ئاگری جیاواز لە سەرانسەری ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوا کەوتەوە، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی 442 میل چوارگۆشەیە لە باکووری کەنەدا. پێدەچێت سیانزە لەو ئاگرکەوتنەوانە بەهۆی کردەوەی مرۆڤەکانەوە بێت.

دوکەڵی ئەو ئاگرکەوتنەوانە هۆشداری لەسەر کوالیتی هەوا لە سەرانسەری کەنەدا و هەروەها لە ئەمریکا دروستکرد، کە دوکەڵەکە لە دوورەوە وەک پورتوگال لە ڕۆژئاوای ئەوروپا دیار بووە. نزیکەی 8.5 ملیۆن دۆنم  دارستان بە تەواوی لەناوچوون و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگرکوژێنەوەش 44.4 ملیۆن دۆلاری تێچووە بۆ حکومەت.

4- وەرزی ئاگری ئەلاسکا

وەرزی ئاگرکەوتنەوەی ئەلاسکا لە ساڵی 2004دا خراپترین وەرزی بوو لە مێژووی ویلایەتەکەدا لە ڕووی ڕووبەری زیانلێکەوتووەوە. زیاتر لە 6.6 ملیۆن دۆنم  زەوی لە 701 ئاگرکەوتنەوەدا سووتاون. 215 لەو ئاگرانە بە ڕەشەبا دەستی پێکردووە؛ 426 ئاگرکەوتنەوەکەی دیکەش لەلایەن مرۆڤەوە دەستیپێکردووە.

هاوینی ساڵی 2004 بە بەراورد بە بارودۆخی هاوینی ئاسایی ئەلاسکا زۆر گەرم و تەڕ بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە لێدانی ڕەشەبا لێیدا. دوای چەند مانگێک لەم ڕەشەبا و پلەکانی گەرما بەرز، مانگی ئابێکی وشکی نائاسایی ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتەوە کە تا مانگی ئەیلول بەردەوام بوو.

5- ئاگری هەینی ڕەش

ئەم ئاگرکەوتنەوانە وەک هەینی ڕەش لە مێژوودا تۆمارکران، کاتێک زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆنم زەوییان لە ڤیکتۆریا - ویلایەتێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا - لە ساڵی 1939لەناوبرد، و لوتکەی چەند ساڵێک بوو لە وشکەساڵی، دواتر پلەی گەرمی بەرز و بای بەهێز.

ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە سێ لەسەر چواری ویلایەتی گرتۆتەوە و 71 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەمەش بووە سێیەم کوشندەترین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان لە مێژووی ئوسترالیادا.
هەرچەندە چەند ڕۆژێک بوو دەسووتا، بەڵام ئاگرەکە لە 13-1ـی 2019ـدا پەرەی سەند.

پلەکانی گەرما لە شاری مێلبۆرنی پایتەختی ئوسترالیا گەیشتە 44.7 پلەی سەدی و لە میڵدورا لە باکووری ڕۆژئاواش 47.2 پلەی سەدی، بەهۆیەوە 36 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 700 ماڵیش وێرانبوون، ئەمە جگە لە زۆرێک لە کێڵگە و شوێنی بازرگانی. خۆڵەمێشی ئاگرەکان تا نیوزلەندا کەوتە خوارەوە.

6- ئاگری گەورە لە کەنەدا

سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر ڕوویدا، ئاگری گەورەی ساڵی 1919تا ئێستاش وەک یەکێک لە گەورەترین و وێرانکەرترین ئاگرکەوتنەوە کێوییەکانی مێژوو لەباس دەکرێت.

لە سەرەتای مانگی ئایاردا، کۆمەڵێک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانە بۆریالییەکانی پارێزگاکانی ئەلبێرتای کەنەدا و ساسکاچواندا گرتەوە، ئەو دارانەی بۆ پیشەسازی دار دروێنە دەکران، لەگەڵ بای بەهێز و وشکدا، بەشداربوون لە ئاگرکەوتنەوە خێراکان کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نزیکەی پێنج ملیۆن دۆنم (دوو ملیۆن هێکتار)ی سووتاند و سەدان بینای وێران کرد و ١١ کەسی کوشت.

7- ئاگری چینچاگا

هەروەها بە ئاگری ویسپ و "ئاگری 19" ناسراوە، ئەمە زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوەی کێوی بووە کە لە باکووری کۆڵۆمبیا و ئەلبێرتای ئەمریکا لە مانگی حوزەیران تا سەرەتای پاییزی 1950 سووتا.

8- ئاگرکەوتنەوەکانی بۆلیڤیا

لە مانگی ئابی ساڵی 2010 زیاتر لە 25 هەزار ئاگر لە سەرانسەری بۆلیڤیا سووتا و بە مەزەندەکردن 3.7 ملیۆن دۆنم گرتەوە و زیانێکی تایبەتی بە پشکی وڵاتەکە لە دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن گەیاند.
دوکەڵی ئەستووری ئەم ئاگرکەوتنەوانە حکومەتی ناچارکرد زۆرێک لە گەشتە ئاسمانییەکان ڕابگرێت و باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.

هۆکارەکانی بریتین لە زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە کە لەلایەن جووتیارانەوە دانراوە بۆ پاککردنەوەی زەوی بۆ کشتوکاڵ، هەروەها وشکبوونەوەی ڕووەکی کە لە ئەنجامی ئەو وشکەساڵییە توندەوە دروست بووە کە وڵاتەکە لە مانگەکانی هاویندا تووشی بووە.

ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی بۆلیڤیا هەندێک لە خراپترین ئاگرکەوتنەوەکان بوو کە وڵاتی ئەمریکای باشوور لە ماوەی نزیکەی 30 ساڵدا بینیبووی.

9- ئاگری گەورەی کۆنتێکتیکۆت

هەروەها بە تەقینەوە گەورەکە، ئاگری سوتەمەنی شەیتان، یان ئاگری گەورە ناسراوە، ئەم ئاگرە گەورەیە لە مانگەکانی هاوینی ساڵی 1910 لە ویلایەتی ئایداهۆ و مۆنتانای ئەمریکا کەوتەوە.

هەرچەندە تەنها بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سووتا، بەڵام بای بەهێز بووە هۆی ئەوەی ئاگری یەکەم لەگەڵ ئاگرە بچووکەکانی دیکەدا تێکەڵ بێت و ببێتە ئاگرێکی گەورە کە 3 ملیۆن دۆنم زەوی سووتاند - نزیکەی قەبارەی تەواوی ویلایەتی کۆنتێکتیکۆت - و 85 کەسی مردن  ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە خراپترین ئاگرکەوتنەوە کێوییەکان لە مێژووی ئەمریکادا.

هەرچەندە ئەم ئاگرە بەهۆی ئەو وێرانکارییەوە لەبیر دەکرێت کە بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی حکومەتی ئەمریکا سیاسەت بۆ پاراستنی دارستانەکان دەربکات.

10- ئاگری ئەژدیهای ڕەش

هەروەها بە ئاگری داکسینگ ئانلینگ ناودەبرێت، لە ساڵی 1987 ڕوویداوە و ڕەنگە گەورەترین ئاگرکەوتنەوە بێت لە جیهاندا لە سەدان ساڵی ڕابردوودا، هەروەها جددیترین ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە کۆماری گەلی چین، کە لە سنوورەکانەوە بڵاوبووەتەوە بۆ ڕووسیا.

ئاگرەکە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بەبێ وەستان بەردەوام بوو نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی لەناوچوون.

لە کاتێکدا هۆکاری وردی ئاگرەکە ڕوون نییە، بەڵام ڕاپۆرتە چینییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە ئاگرەکە بەهۆی چالاکیی مرۆڤەکانەوە بووبێت، کۆی گشتی گیانلەدەستدان لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا گەیشتە 191 کەس، جگە لەوەی 250 کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها نزیکەی 33 هەزار کەس ئاوارە بوون.

11- ڕیچاردسۆن باککانتری فایەر

ئاگری ڕیچاردسۆن باککانتری لە مانگی ئایاری ٢٠١١ لە شاری ئەلبێرتای کەنەدا کەوتەوە. گەورەترین ئاگر بوو لە ماوەی زیاتر لە 60 ساڵی وڵاتەکەدا، لە دوای ئاگرکەوتنەوەی چینچاگا لە ساڵی 1950.

ئاگرەکە نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆنم دارستانی بۆریالی لەناوبردووە و دەسەڵاتدارانیش پێیان وایە کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بارودۆخی وشکەساڵی و بەرزی پلەی گەرمی نائاسایی و بای بەهێز توندی دارستانەکەی زیاتر کردووە.

12- ئاگری مانیتۆبا

ئاگرکەوتنەوەکانی مانیتۆبا لە نێوان ناوەڕاستی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 1989 ڕوویدا، بە مەزەندەکردن 1147 ئاگر دەستنیشان دەکرێ، زۆرترین ژمارەیە کە تا ئێستا تۆمارکراوە - لە کەنەدا کە شوێنی چەندین دیمەنی سروشتییە.

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دۆنم زەوی لەناوچوون، هەروەها 24 هەزار و 500 کەسیش ماڵەکانیان چۆڵکران، تێچووی کوژاندنەوەی گەیشتە 52 ملیۆن دۆلار.

13- تەکساس فایرز

ئاگرکەوتنەوەی کێوی لە ویلایەتی تەکساس لە کۆتاییەکانی شوباتی 2024 ئاماژەیە بۆ چەندین ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە ویلایەتی ئەمریکا، لەوانە ئاگرکەوتنەوەی سمۆکهاوس کریک لە ناوچەی هاچینسۆن؛ گەورەترین ئاگری کێوییە لە مێژووی ویلایەتی تەکساسدا.

ئەم سووتانە بە تەنیا نزیکەی یەک ملیۆن و 100هەزار دۆنم زەوی لەناوبردووە، ئەمەش لە ئاگرکەوتنەوەی گەورەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ئاماریلۆی ساڵی 2006 تێپەڕاندووە کە نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لەناوبردووە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن