عیراق: پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای لكاندنی كەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە پێشێلكارییە

عێراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 2877

راچڵەكین

وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایگەیاند، پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای لكاندنی كەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە لەلایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە (كنێست)، پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتییە.

ڕۆژی 22ی ئەم مانگە، كنێستی ئیسرائیل دوو پرۆژە یاسای پەسەندكرد، یەكێكیان تایبەت بوو بە لكاندنی كەناری ڕۆژئاوای داگیركراو بە ئیسرائیل و ئەوەی دیكەیش تایبەت بوو بە لكاندنی ئۆردوگای جوولەكەنشینی مەعالییە ئەدومیم بە ئیسرائیل كە لەسەر خاكی فەڵەستین لە ڕۆژھەڵاتی قودسی داگیركراو دروست كراوە، ھەردوو پڕۆژە یاساكە دەبێت سێ خوێندنەوەی دیكەیان بۆ بكرێت پێش ئەوەی ببنە یاسای جێبەجێكراو.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە ڕاگەیاندراوێكدا بە توندی پەسەندكردنی ئەو دوو پڕۆژەیاسایەی لەلایەن كنێستی ئیسرائیلەوە سەركۆنە كردووە و ڕایگەیاندووە، ئامانج لە پەسەندكردنی ئەو دوو پڕۆژەیاسایە، سەپاندنی سەروەریی ئیسرائیلە بەسەر كەناری ڕۆژئاوای داگیركراو و ئەو جوولەكەنشینانەی كە بە نایاسایی لەسەر خاكی فەڵەستین دروست كراون.

ئەوەش روونكراوەتەوە، پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای لكاندنی كەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە لەلایەن كنێستەوە، پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتییە، ھەروەھا زیان بە مافی ڕەوای گەلی فەڵەستین دەگەیەنێت، جگە لەوەش دەرفەتی سەقامگیری لە ناوچەكە لەناو دەبات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن