راچڵەكین
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لەبارەی بڵاوكردنەوەی خشتەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت:" هیچ خشتەیەك رانەگەیەندراوە".
كەریم لەتیف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند،" ئەو خشتەیەی لەبارەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەچەند پەیج و گروپێكی سۆشیاڵ میدیا بڵاوكراوەتەوە، هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە".
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی كە بڵاوكراوەتەوە، رۆژی یەكشەممە 28-6-2020 یەكەم تاقیكردنەوە دەستپێدەكات و بۆ بەشی زانستی زیندەزانی دەبێت و بۆ بەشی وێژەیی تاقیكردنەوەی مێژوو دەبێت، لە 19-7-2020ـیش تاقیكردنەوەكان كۆتاییان دێت.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەكردەوە، هێشتا هیچ كاتێك بۆ تاقیكردنەوەكان دیارینەكراون، وتی:" ئەگەر كاتێكمان دیاریكرد، بەفەرمی بڵاویدەكەینەوە".