راچڵەکین-
زیاتر لە شەش ملیۆن ئەمریکی بەدەست نەخۆشی ئەلزەهایمەر و کێشە پەیوەندیدارەکان بەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن و پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە تا ساڵی 2060 دوو هێندە زیاد بکات
بەپێی توێژینەوەکان زیادبوونی هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەرچاوە، کە هەندێکیان دەتوانرێت لێی دوور بکەونەوە، وەک خۆراکی ناتەندروست و رۆتینی دانیشتنی درێژخایەنی رۆژانە، دکتۆر ساوراب سێتی، پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ریخۆڵە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، سێ خواردنەوەی باوی دەستنیشانکردووە کە پێی وایە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاد دەکەن:
١. خواردنەوە گازییەکان: ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەکات، زۆر کەس پێیان وایە سۆدەی سادە بژاردەیەکی تەندروستە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ تەندروستی مێشک باش نییە"، روونیشیکردەوە، ئەو خواردنەوانە ئەسپارتامی تێدایە کە شیرینکەرێکی دەستکردە و زیان بە بەکتریا سودبەخشەکانی ناو ریخۆڵەکان دەگەیەنێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵەکان و مێشک دەبێت.
2. کحول، سێتی دووپاتی کردەوە کە کحول کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی جەستە و مێشکیش هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، کحول زیان بە تەندروستی ریخۆڵەکان و جگەر دەگەیەنێت و کاریگەری لەسەر کوالێتی خەو دەبێت کە بۆ تەندروستی مێشک زۆر پێویستە.
3. خواردنەوە وزەبەخشەکان، سێتی ئەوەشی خستەڕوو، خواردنەوە وزەبەخشەکان رێژەیەکی بەرزی شەکریان تێدایە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای رێژەی شەکر و ئەنسۆلین لە خوێندا، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاد دەکات.
لە ژێر رۆشنایی ئەم ئەنجامانە، شارەزایان پێشنیارییان کردووە کە سنووردارکردنی خواردنی ئەم خواردنەوانە و شێوازی ژیانی تەندروست کە بریتییە لە خۆراکی هاوسەنگ و وەرزشی بەردەوام بگرینەبەر.
هـ . یـ