پێویست ناکات دایکێک یان باوکێکی نمونەیی بیت

ستایل

11/02/2020     ژمارەی بینراو 587

دایکێکی نمونەیی

ڕاچڵه‌كین-
خانمە ڕۆماننووس و چالاکوان، ئەلیف شەفەق لەکاتی دووگیانیدا نامەیەک بۆ کۆرپەکەی دەنوسێت کە بڕگەیەکی لە ڕۆمانی (شیری ڕەشدا) بڵاویکردۆتەوە، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ دڵدەرەوەیە بۆ زۆرێک لە دایکان و باوکان، بە تایبەت لەو کاتانەی کە لە ئەنجامدانی ئەرکی دایک و باوکایەتیدا کامڵخوازی ئەزێتیان دەدات و هەستکردن بە کەموکورتی زاڵ دەبێت بەسەریاندا. 

هەرچەندە نامەکە لە دڵ و خامەی دایکێکەوە نوسراوە بەڵام له‌ڕاستیدا بۆ باوکانیش هەمان هەستە.

دەقی نامەکە:"کۆرپە گیان! وا دێیتە پێشچاوم لەگەڵ فریشتەکاندا دانیشتویت و چاو لە ئەلبومێکی بەرگ چەرمینی زەبەلاح دەکەیت، وێنەی هەموو ئەو ژنانەی تێدایە کە ئەگەری هەیە ببنە دایکت.

لەژێر وێنەی هەریەکێکیاندا پێناسێکی کورتی کەسەکەی تێدایە: پزیشک، ئەندازیار خانمی ماڵەوە، ژنی کار، بە پێشچاوتدا دەڕۆن. هەرچەندە هەڵبژێردراوی تەواو شایستە هەن، ژنانێک کە کارەکانی خۆیان زۆر بە باشی ئەنجام دەدەن و زۆریش کارامەن، بەڵام تۆ پشتگوێیان دەخەیت.

وێنەیەکی منت بەرچاو دەکەوێت و لەژێریدا ئەم پێناسەیە نوسراوە: "سەرلێشێواوە، کەسایەتیەکی پڕکێشە، قوربانی دەستی ساتەکانی ناعەقڵانیبونیەتی، هێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە، بەردەوام بە دوای وەڵامدا دەگەڕێت، ئارەزوی لە گێڕانەوەی چیرۆک هەیە، نوسەرە، گۆشەنوسە، بوێژە."

پەنجە وردیلانەکەت بۆ ڕوخساری من درێژ دەکەیت و دەڵێیت"ئەمەیان سەرنج ڕاکێش دیارە، ئادەی با تۆزێک لە نزیکترەوە سەیری بکەم!"

من نازانم بۆچی تۆ لە نێو دایکانی جیهاندا منت هەڵبژارد، دیارە کە تۆ بابەتی دایکی نمونەیی بێزارت دەکات، یان لە خۆم باشترم دەناسیت. ڕەنگە ئەو شایستەییەت لە مندا بنیبێت، ڕەنگە ویستت بێت یارمەتیم بدەیت بەسەر کەموکورتیەکانمدا زاڵ بم. تۆ دەتوانیت ببیت بە ڕێبەر و باشترین مامۆستام.

هیوادارم هەرگیز کارێکی وا نەکەم لە بڕیارەکەت پەشیمان ببیتەوە و بڵێیت: "لەناو هەموو دایکانی جیهاندا بۆچی ئەم دانەیەم هەڵبژارد؟!"

دایکت کە پەرۆشی دیدارتە، ئەلیف."


ئا: شیاو نەوڕۆڵی
ماستەر لە پەروەردەی خێزانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن