راچڵەکین-
میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە کۆلێژێکی سەربازی لە بەغدا، کەسێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، لە کاتی لابردنی هەندێک داروپەرد لەناو کۆلێژی سەربازیی یەکەم، لە ناوچەی زەعفەرانیە لە باشووری بەغدا، مینێک تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە کارمەندێکی فەوجی پاراستنی کۆلێژی سەربازی گیانی لەدەستداوە و کارمەندێکی دیکەی فەوجەکەش برینداربووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزێکی ئەمنی بریندارەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک شوێنی رووداوەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، هەروەها تەرمی کوژراوەکەش بۆ بەشی پزیشکی دادوەری گواستراوەتەوە و دەستبەلێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەی مینەکەش کراوە.