دادگاى فیدراڵى تاووتوێی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەتى هەرێم دەکات

عێراق

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 389

راچڵەکین-

دادگاى فیدراڵیی عێراق تاووتوێی سکاڵایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروبارى ئاینیی هەرێم  کوردستان پێشکەش کراون دەکات. 

رۆژی 28ـی ئەم مانگە دووەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای خالید مستەفا کە لەسەر هەردوو وەزارەتەکە تۆمارکراون ئەنجام دەدرێت.

 

لە یەکێک لە سکاڵاکاندا داواکراوە کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارى ئاینیی هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى دژى پێنج مادەى دەستوورى عێراقە و لە برى ئەو وەزارەتە، وەقف بۆ پێکهاتەکان دروست بکرێن، کە لە رووى کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ بن و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆش بڕیار لە تەمویلی وەزارەتەکان بدرێت. 

 

هاوکات یاساى وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارى ئاینیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات ئەو یاسایە بە نادەستوورى هەژمار بکرێت، پەرلەمان ناچار بکرێت دیوان بۆ ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان پێکبهێنێت و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.

بەگوێرەى بڕگەکانی یەکەم و سێیەمی مادەى 103ـی دەستوور، وەقفەکان دەستەى سەربەخۆن لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە دەبێت ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.

سکاڵاکەى دیکە داوا دەکات دادگاى باڵاى فیدراڵی وەزارەتی شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 8ـی ساڵى 2006 پێکهێنراوە، هەروەها پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت و لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکی بۆ دەربکرێت.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن