رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

کوردستان

30/01/2025     ژمارەی بینراو 206

راچڵەکین-

لەبارەی دۆخی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان، دەستەی ئاماری هەرێم داتای نوێی بڵاو کردەوە و بەپێی داتاکان رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەپێی دوایین راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان لە 3.5٪ـەوە بۆ 3٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و هەڵاوسانەکە بە رێژەی 0.5٪ کۆنترۆڵکراوە. 

هەر بەگوێرەیی راپۆرتەکە پێوەری نرخی بەکاربەر لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 107.9 خاڵ، لە کاتێکدا پێوەری نرخی بەکاربەر لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوودا 108.1 خاڵبووە بەوەش ئاستی گۆڕانکاری لەسەر نرخی بەکاربەر لە هەرێمی کوردستان 0.2 خاڵ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە کە بەرامبەرە بە 2 هەزار دینار بۆ هەر کاڵایەک لەسەر ئاستی مانگانە و لە نرخی خانوبەرەشدا بەرامبەرە بە 20 هەزار دینار لە جیاوازی بەکرێدانی خانوو و کەرەستەی بیناسازی. 

هاوکات مانگی 11ـی ساڵی رابردوو ڕێژەی هەڵاوسان 3.5% بوو،  واتە لە مانگێکدا رێژەی هەڵاوسان 0.5 لەسەد کەم بووەتەوە و لە ئێستاشدا ئاستی هەڵاوسان لە عێراق 3.5ـەوە و لە هەرێمی کوردستان 3٪ـە بەڵام لەدۆخی نەبوونی جەخری تەرخانکراوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بەگوێرەی پێویست ئەوە کارگەری هەڵاوسان لەسەر بازاڕ و کەرتی خانووبەرە بەرامبەرە بە 13٪ـی داهاتی تاک. 

رێژەی هەڵاوسان دەرخەری بەرزبوونەوەیەکی گشتییە لە ئاستی ساڵانە لە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهای دینار یەکێکە لە سەرەکیترین کارتێکەرەکانی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکان، تا بەهای دینار زیاتر داببەزێت تێکڕای نرخەکان و  هەڵاوسان زیاتر بەرز دەبنەوە، بە پێچەوانەوەشەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دینار نرخی کاڵاکان دابەزی بەخۆیانەوە دەبینن بەهۆی ئەوەی بازرگانان بەرامبر هەر کاڵایەکی هاوردەکراو دۆلاردەدەن. 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن