راچڵەکین-
شارەزایەکی ئابووری لەبارەی نرخی نەوتەوە هۆشداری لە دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەری لەسەر بودجەی عێراق دەدات. دەشڵێت،" دابەزینی یەک دۆلار لە نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری عێراق کە ساڵانە بە یەک ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێڤیدار شەعبان، راوێژکار و شارەزای ئابووری لە لێدوانێکیدا بۆ راچڵەکین رایگەیاند، لە ئێستادا ئەگەرەکان و باس و خواستی جیهانی بریتییە لە دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی بەهۆی دۆناڵد ترەمپ و ئەو داواکارییەی کە لە سعودیە و ئۆپیکی کرد بە دابەزینی نرخی نەوت کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە 80 دۆلارەوە بۆ 73 دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی ئەوەش وایکردووە کە بە قەبارەی 280 ملیۆن دۆلار دابەزینی هەبووە بۆ 240 ملیۆن دۆلار بەڵام لەبەر ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت لە عێراق 5 دۆلار هەرزانترە ئەوە لە ئێستادا وەک عێراق لە زیانیان نەوەک پڕکردنەوەی کورتهێنان.
ئەو شارەزایە ئەوەشی خستەروو، دابەزینی هەر بەرمیلێک لە خوار 75 دۆلارەوە توانای دەوڵەت لاواز دەکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی لە پێدانی مووچە، چونکە لە عێراق و بە دیاریکراویش لە بودجەی سێ ساڵەدا 70 دۆلار بۆ نرخی بەرمیلێک نەوت دیاریکراوە بۆیە هەر دابەزینێک لە خوار 75 دۆلارەوە بێت ئەوە بە قەبارەی ئەو دۆلارە زیان بەر ئابووری عێراق دەکەوێت کە لە تێکڕای ساڵەکەدا بەرامبەر دەبێت بە 10 ترلیۆن دینار کە ئەمەش ڕەنگە عێراق ناچار بکات خەرجییەکان کەمبکاتەوە یان پەنا بۆ بژاردەی دارایی تێچووی زۆر ببات، وەک قەرزکردن کە لە ساڵانی رابردوودا پشتی پێبەستووە.
هێڤیدار شەعبان، جەختی لەوەش کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی عێراق لەو دوو ساڵەدا توانیەتی کە ئاستی پشتبەستنی ئابووری عێراق لە بودجەدا لە 96٪ـەوە بۆ 85.2٪ کەم بکاتەوە و لەبەرامبەردا ئاستی پشتپێبەستن لە داهاتی نانەوتی و ئابووری نانەوتی و کشتوکاڵی لە 4٪ـەوە بۆ 14.8٪ بەرزبکاتەوە، بەڵام هێشتا کاریگەری ئەرینی لەسەر ئابووری عێراق دروستناکات چونکە ئاستی داهاتی مانگانەی نانەوتی کەمترە لە دوو ترلیۆن دینار و تێکڕای داهاتی مانگانەش لە نێوان 10 بۆ 14 ترلیۆن دیناردایە لەو ریژەیەش 8-12 ترلیۆن دینار داهاتی نەوتی عێراقە بەگوێرەی مانگەکان.
ئەو شارەزایە ئەوەسی ئاشکرا کرد، لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازارەکانی جیهان بە 76 دۆلار و 62 سەنتە کە لەم ریژەیە نەوتی عێراق بەهاکەی تەنها 71 دۆلار و 62 سەنتە بەمەش جیاوازی داهاتی تەنها 1.62 دۆلارە بەهۆی ئەوەی نرخی نەوت لە بودجەدا بە گەڕانەوە بۆ ئاستی خەرجی و مووچە و داهاتی عێراق نرخی بەرمیلیک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵیندراوە، بۆیە داهاتی رۆژانە لە ئێستادا تەنها 5 ملیۆن و 313 هەزار دۆلارە کە سەر رێژی داهات دەکات لەسەروو نرخی بودجەوە، بەڵام لەئەگەری دابەزینی نرخەکەی ئەوە رۆژانە 5 ملیۆن دۆلار زیان لە ئابووری عێراق دەدات لەپاڵ ئەو 66 ترلیۆن دینارەی کە قەرزی ناوخۆییە لەسەر عێراق.