راچڵەکین-
راوێژكاری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری پیشەسازی و گەشەپێدان و كەرتی تایبەت رایگەیاند، رێوشوێن و راسپاردەكانی حكومەتی عێراق بۆ پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی و رێگریكردن لە ئاڵوگۆڕی كەلوپەلی هاوردەی ساختە لە بازاڕی عێراق توندوتۆڵتر دەکرێن و میکانیزمی نوێش دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ شەممە، حەمودی لامی، راوێژكاری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری پیشەسازی و گەشەپێدان و كەرتی تایبەت لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، هاوڵاتیانی عێراق بەرهەمی خۆراكی ناوخۆی کە بە بەرهەمی 'خۆماڵی' ناسراوە پێیان باشترە لە بەرهەمی هاوردەکراو، چونكە دوورە لە مادەی پارێزەر، بەڵام بەرهەمە هاوردەکراوەکان مەوادی پارێزەری زۆری تێدایە کە ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر بەها خۆراکییەکە.
حەمودی لامی ئاماژەی بەوەش كرد، حكومەت رێوشوێنی جددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە خۆراکییە هاوردەکراوە ساختەکان کە هۆکارن بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە گرتفووتە بەر، جگە لەوەش لە دەروازە سنوورییەكان و ناو بازاڕەكان لە رێگای ئەو خزمەتگوزارییە ئەمنییانەی كە بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراون دەتواندرێت رێگە لە بەرهەمی هاوردەکراوی ناکوالێتی و ساختە بگیرێت، هەروەها دوای جێبەجێكردنی یاسای نیشتمانی یەكەمی پاراستنی بەرهەمی ژمارە 11ـی ساڵی 2010 وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان هەنگاوی جددی دەنێت بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
هاوکات ئەو راوێژكارەی سەرۆكوەزیران ئاماژەی ئەوەشی خستووەتە روو، گرنگی ئەو رێوشوێنانەی بۆ پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی گیراوەتەبەر، رێگریكردنە لەو كاڵا ساختانەیە كە بەبێ مۆڵەتی هاوردەكردن لە گەڕەک و پارێزگا و بازارەکاندا ساخدەکرێنەوە بەبی هیچ مەرجێکی کوالێتی کۆنترۆڵ و تێنەپەڕین بە ڕێكخراوی ناوەندی بۆ ستانداردكردن و كۆنتڕۆڵی جۆری و كاراكردنی رۆڵی خزمەتگوزارییەکان. وتیشی، "بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابوورییەكان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ رێگریكردن و لێپرسینەوە لەو كەسانەی بازرگانی بەو كاڵایانە دەكەن پێکدەهێندرێت، کە هەر بازرگان و هاوڵاتییەک و فرۆشگایەک دەستی لە هاوردەکردن و فرۆشتنی کاڵا و کەرەستەی خۆراکی ناتەندروستدا هەبێت رووبەرووی رێکاری یاسایی دەکەنەوە و پێبژاردنیشی پێدەکەن".