وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێم راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 347

راچڵەکین-

وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم رایگەیاند، دوای هەموارکردنەوەی ماددەی 12 و برگەی "ج"ـی هەمان ماددە رێکارەکانی رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) دەستی پێکردووە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی چەندین جار لەبارەی هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بودجەی گشتی عێراق گفتوگۆرا لە کۆتاییدا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەموارەکە پەسەندکرا و ئەمەش هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ۆخەکەدا دروستدەکات تاوەکوو بتوانن نەوتی هەرێم رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکەن. 

ئاماژەی بەوەش کرد، لەبارەی ئەو قەرزانەی کەلەسەر هەرێم هەن لە ئایندەیەکی نزیکدا رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت و میکانیزمی دانەوەی قەرزەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت بەگوێرەی ماددەی 12 و 13ـی یاسای بودجەی گشتی سێ ساڵەی عێراق کە لە بڕگەکانی (ئەلف،با،دال)ـدا هەن. 

حەیان عەبدولغەنی باسی لەوەش کرد، هەناردەکردنەوەت نەوتی هەرێم رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە کەمکردنەوەی قەبارەی کورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا، هەربۆیە لە ئێستادا راستەوخۆ دەستیان بە رێکارەکانی رادەستکردنی نەوتەکە کردووە. وتیشی، " لە سبەینێوە لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵ دەبین بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم لەرێگای بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە هەناردە برکێتەوە". 

رێککەوتنەکان لە ئێستادا سەرەتایین و بەپێی قۆناغ گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت و لەم قۆناغەی ئێستادا، عێراق تەنها بڕی 16 دۆلار وەک خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت دەداتە هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق زۆرترین ئاستی خەرجی نەوت بە 12 دۆلار تۆمارکرابوو، ئەوە گرفتی بۆ هەناردەی نەوت دروستکردبوو لە رابردوودا هەر  بۆیە کۆمپانیایەکی بیانی بۆ خەمڵاندنی خەرجییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات. 

خەمڵاندنی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت؛

 بەگوێرەیی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییانەی کە لە  نێوان هەرێم و بەغدا کراون، کۆمپانیایەکی بیانی تایبەت بە خەمڵاندنی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی 60 رۆژ  سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەسەردەکاتەوە و ئەم بەسەر کردنەوەیەش بەهۆیەوە کۆمپانیاکە دەتوانێت راپۆرتێک لەبارەی ئەو خەرجیانەوە بنوسێت کە هەرێم پپێویستیەتی بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت. وتیشی، " ئەم کۆمپانیایە بڕیاری کۆتایی دەداتە دەست وەزارەتی نەوتی عێراق چونکە ئەو خەمڵاندنی تەواوەتی بۆ  سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیا بیانییەکە عێراق بڕیار لەسەر خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەدات، وەک لە ئێستادا داوای 16 دۆلار کراوە، لە ئەگەری ئەوەی ئەم کۆمپانیایە پاڵپشتی ئەو خەرجییە نەکات ئەوە بەگوێرەی بودجە تەنها 6 دۆلار خەرج دەکرێت ".

لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رۆژی  25ـی ئازاری 2023ـەوە بە بڕیاری دادگای باڵای ناوبژیوانی فەڕەنسا، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد تا ئێستا نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بوو، هەر بۆیە هەناردەی نەوتی هەرێم پەیوەست کرد بە هەمواری یاسای نەت و غاز  کە لەم هەفتەیەدا رێککەوتنی لەسەرکرا و بڕگەکە هەموار کرایەوە ئەمڕۆش رێککەوتن لەبارەی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتەوە دەکرێت. 

ماددەی 12 بڕگەی "ج" کە کێشەی نێوان هەرێم و عێراق بوو بەم جۆرە هەموار کرایەوە: 
رۆژی 11ـی 11ـی ساڵی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی سێ ساڵە 2023-2024-2025 کرد و هەموارەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانە كراوە بۆ پەرلەمان، تێیدا تەنیا یەك بڕگە هەموار كرا كە پەیوەندی بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەقی پرۆژەی هەموارەكەی بڵاوكردەوە، كە تەنیا بۆ "بڕگەی ج/ دووەم"ـی ماددەی 12ی یاسای بودجەیە و بڕگەکانی دیکە ناگرێتەوە. 
دەقی هەموارەكە بەمجۆرەیە: 
ماددەی 1ـی دەقی بڕگەی "ج" لە بەندی دووەمی ماددەی 12ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵە داراییەكانی 2023-2024-2025 هەڵدەوەشێتەوە و ئەم هەموارە دەخرێتەوە شوێنی بە ژمارە و نوسینی بەندەکانەوە:-
بڕگەی "ج" بەندی یەک:  وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە خەرجی سیادی قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە دەكاتەوە كە لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق سۆمۆ یاخود راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە گوێرەی هەردوو بڕگەی "ئەلف و با"ـی ئەم بەندە وەربگیرێت بەو مەرجەی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر كێڵگەیەك لەلایەن دەستەیەکی راوێژكاری هونەریی نێودەوڵەتیی پسپۆڕەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاری دەكەن هەڵدەستێت بە خوێندنەوە و بەدواداچوون لەبارەی تێچووی راستەقینەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم لە ماوەی 60 رۆژدا، هەر بەگوێرەی هەمان بەند ئەگەر لەو ماوەیەدا خەرجی دیاری کرا و هەردوو حکومەت نەگەیشتنە رێککەوتن ئەوە بۆ جاری دووەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵدەستێت بە دیاریکردنی دەستەیەکی راوێژکاری بۆ هەمان پرس. 
 ئەو لایەنە راوێژكارییە هونەرییە كە لە خاڵی 1ـی ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، خەرجی خەمڵێندراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێشكەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت هەروەها ئەو قەرەبووەی كە لە خاڵی 1ـی ئەم بڕگەیەدا هاتووە لەسەر بنەمای تێچووی بەرمیل لێكدانی ژمارەی بەرمیلی رادەستكراو بەگوێرەی بڕگەكانی "ئەلف و با" ئەم بەندە ئەژماردەكرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەركی پێدانی ئەو بڕە پارانە بە حكومەتی هەرێم لەئەستۆ دەگرێت.
بەشێوەیەكی خێرا دەستدەكرێت بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەگوێرەی بڕگەكانی "ئەلف و با" قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بەشێوەی پێشینە دەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، بەبڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت كە دوای تەوابوونی كارەكانی لایەنە راوێژكارییە هونەرییەكە پاكتاو دەكرێت كە لە خاڵی 1ـی ئەم بڕگە هەموارکراوەدا هاتووە.
ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوبوونەوە و پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئامانجی دەركردنی ئەم یاسایە، وەكو لە دەقەكەدی هاتووە (دانانی لایەنێكی راوێژكاریی هونەریی نێودەوڵەتییە كە كاربكات بۆ ئەژماركردنی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان، هەر كێڵگەیەك و بە جیا، لەپێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و بەهێزكردنی داهاتە فیدراڵییەكان. 
هاوکات بەپێی ماددەی 12ـی بڕگەی "ج"ـی هەموار کراو تاوەکو ئەوکاتەی دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند، نرخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەداتە هەرێمی کوردستان کە ماوەکەی دوو مانگە و لەو ماوەیەشدا ئەگەر  هەرێمی کوردستان نەوت رادەست بکات و پابەند بێت پێوەی ئەوە مانگانە دەکاتە 12 ملیۆن بەرمیل و پارەى تێچووەکەى 192 ملیۆن دۆلارەکە کە ئەگەر ئەو بڕە دۆلارە بە 130 هەزار دینارى نرخی فەرمی هەژمار بکرێت دەکاتە 249 ملیار و 600 ملیۆن دینار دەکات کە لەلایەن بەغداوە وەک تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەدرێتە هەرێم. 





داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن