سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی بۆ بەڕێوەبردنی مووچە رادەگەیەندرێت

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 216

راچڵەکین-

فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە پاڵپشت بە پێناسی دیجیتاڵی رادەگەیەنێت، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لەسەر مووچەخۆران و حکومەتی هەرێمیش. 

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و بەردەستخستنی سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە، کە پشتبەستووە بە پێناسی دیجیتاڵی، راگەیاند، ئەو سیسیتمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی پڕۆسەیەکی سەردەمیانە لە رێکخستنی خشتە و کاروباری مووچە لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانجی ئەم سیستمە رێکخستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی خشتەکانی مووچەیە بە شێوەیەکی یەکپارچەیی لە کەرتی گشتی، لە رووی کارایی و وردی و روونییەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردنی مووچە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت.

لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، راگەیاندنی سیستمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بە پێناسی دیجیتاڵی، دەتوانن ژێرخانێکی بەهێز ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کە کەرتی گشتی کاراتر و روونتر و پارێزراوتر بێت.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، سیستمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی حکوومەتە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها لە داتاسەنتەری ناوەندیی حکوومەتی هەرێم کە لەسەر ستانداردی T3ـی جیهانی دامەزراوە سیستمەکە جێگیر کراوە تاوەکو گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەباشترین شێوە و بەپارێزراویی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی سیستمەکە بگات.

ئەوەش خراوەتە روو، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە بریتییە لە دروستکردنی تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی مووچە بەمەبەستی باشترکردنی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، چونکە سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە لەسەر دەستی لاوانی لێهاتوو و پیشەیی کوردستانەوە لەلایەن فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیارییەوە داڕێژراوە، کە پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی ستراتیژیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دووپات دەکاتەوە.

جەخت لەوەش کراوەتەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە توانا و ئامادەیی بەکارهێنەران لە کارپێکردنی سیستەمەکە، هەزاران کارمەندی دامودەزگا جیاوازەکانی حکوومەت راهێنراون و ئامادە کراون بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە نوێیە کە ئەمەش پرۆسەی گۆڕانکاری و گواستنەوە بۆ قۆناغی نوێ ئاسانتر دەکات، هاوکات لەگەڵ ئەوەی سیستەمەکە بەردەستە و کاری پێدەکرێت، فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن و شیکارکردنی داتاکانی ئەم سیستەمە بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی پتەو و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی زیاتر، وەکو پۆرتاڵی خزمەتکردنی خودیی مووچەخۆران و ئامڕازەکانی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی کار و چالاکی کە بە شێوازێکی ئاسان دەکرێت لەگەڵ ئەم سیستەمەدا تێهەڵکێش بکرێن.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن