روپیەی هیندی لە نزمترین ئاستی مێژوودایە

ئابوری

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 212

راچڵەکین-

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڕیارە بازرگانییەکانی سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی سەپاندنی باجی بازرگانی بەسەر چین و کەنەدا و مەکسیک و سەپاندنی سزا بەسەر کۆمەڵەی برێکس نیگەرانی دروستکردووە لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی بازرگانی جیهانی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا و ئەمەش متمانەی بە دراوی وڵاتانی ناوچەکە کەمکردەوە بەتایبەتیش روپیەی هیندی کە لە نزمترین ئاستی مێژوویدا مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا روپیەی هیندستان بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و گەیشتە ریکۆردێکی نوێ کە لە ئێستادا سەد دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە هەشت هەزار و 713 روپیەی هیندی و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش 150 هەزار دینار بەرامبەرە بە هەشت هەزار و 700 روپییەی هیندی. 

بانکی ناوەندی هیندستان چەند رێکارێکی بۆ بەهێزکردنی روپیە گرتووەتە بەر، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون، هەروەها ئاماری گەشەی ئابووریی هیندستان ئاماژە بە خاوبوونەوەی ئابووریی وڵاتەکە دەکات دوای ساڵانێک لە گەشەسەندنی بەرز کە بە رێژەی 2.1٪ بوو ئەمەش نیگەرانییەکانی لە داهاتووی ئابووریی هیندستان زیاتر کردووە وەک ئەندامێکی کۆمەڵەی برێکس. 

هاوکات بودجەی نوێی هیندستان کە لە کۆتایی هەفتەدا بڵاوکرایەوە، یارمەتی بەهێزکردنی روپییەی هیندی نەدا، چونکە کەمکردنەوەی باج نیگەرانییەکانی لەبارەی کورتهێنانی بودجە دروستکردووە کە بووەتە هۆی نیگەرانی زیاتری وەبەرهێنەرانی بیانی و دەرچوونی سەرمایە لە بازاڕی هیندستان بەتایبەت لە بازرگانی نەوت و وزەدا. 

لەلایەکی دیکەشەوە، لەگەڵ بە ئەنجامگەیشتنی گرێبەستی ئابووری عێراق و هندستان لەبارەی ئەنجامدانی مامەڵە بازرگانییەکانی پەیوەست بە وزە" نەوت، غاز" بە روپیەی هیندی وادەکات حکومەتی عێراق بە بڕە دۆلارێکی کەمتر مامەڵە بازرگانییەکانی ئەنجامبدات و ئاستی کورتهێنانی دراوی بیانی لەبەرامبەر بە دیناری عێراق کەمتردەبێتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر دابەزینی هەڵاوسانی دراوی بیانی لە ناوخۆی عێراقدا دروستدەکات. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن