راچڵەکین-
زۆر کەس نازانن باشترین کات بۆ وەرزشکردن لە مانگی رەمەزاندا
پێویستە پێش بەربانگ یاخود دوای بەربانگ بێت، هەر بژاردەیەک لایەنی باش و خراپی خۆی
هەیە.
لە ماڵپەڕی "تایمز ناو"دا باس لە گونجاوترین
کات بۆ ئەنجامدانی راهێنانە وەزرشییەکان کراوە لە ماوەی بەڕۆژووبووندا لە مانگی رەمەزان.
یەکەم: وەرزشکردن بەر لە پارشێو، هەندێک کەس پێیان باشە بەر
لە پارشێو وەرزش بکەن، وەرزشی سووک لەم کاتەدا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی میتابۆلیزم
و وزە بۆ رۆژی دواتر.
ئەگەر بەر لە پارشێو وەرزشکردنت هەڵبژارد، دڵنیابە لەوەی
کە وەرزشێکی سووکە، سەرنجت لەسەر راهێنانی کشانی جەستە، یۆگا یان رۆیشتنێکی نەرم بێت،
دوور بکەوەرەوە لە راهێنانی چڕ، چونکە جەستەت بە درێژایی رۆژ بەڕۆژوو بووە، لایەنە
ئەرێنییەکانی بریتین لە:
١.جەستە دوای خەوتن وزەی خۆی وەردەگرێتەوە، ئەمەش وادەکات
وەرزشکردن ئاسانتر بێت.
٢.رێگە دەدات بە ئاودان و ژەمێکی خۆراکی راستەوخۆ
دوای وەرزشکردن.
٣.باشە بۆ وەرزشی سووک وەک کشانی جەستە، یۆگا
یان پیاسەی کورت.
لایەنە نەرێنییەکانی بریتین لە:
١.لە خەو هەڵسان پێش پارشێو دەتوانێت قورس بێت
و ببێتە هۆی کەمخەوی.
٢.لەوانەیە ئاستی وزە کەم بێت، ئەمەش وەرزشی
چڕ قورس دەکات.
دووەم: وەرزشکردن پێش بەربانگ، زۆرێک لە ئارەزومەندانی لەشجوانی
پێیان باشترە کە ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک پێش بەربانگ راهێنان ئەنجام بدەن بەو پێیەی جەستە
چەند کاتژمێرێکە بەڕۆژوو بووە، دەست دەکات بە سووتاندنی چەوری هەڵگیراو بۆ وزە، ئەمەش
وا دەکات کە کاتێکی گونجاو بێت بۆ دابەزاندنی چەوری.
لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم کاتە بریتین لە:
١.یارمەتیدەرە لە سووتاندنی چەوری بە شێوەیەکی
کاریگەر.
٢.دەتوانیت راستەوخۆ دوای راهێنانەکەت نان بخۆیت
و ئاو بخۆیتەوە.
٣.گونجاوە بۆ وەرزشی چڕی کەم تا مامناوەند وەک
رۆیشتن بە خێرایی یان کاردیۆی سووک.
لایەنە نەرێنییەکانی بریتین لە:
١.مەترسی وشکبوونەوەی جەستە چونکە ناتوانیت پێش
بەربانگ ئاو بخۆیتەوە.
٢.رەنگە ئاستی وزە لە نزمترین ئاستدا بێت لە
هەموو کاتێکدا، ئەمەش وا دەکات راهێنانە چڕەکان قورس بێت.
٣.وەرزشکردن پێش بەربانگ دەتوانێت سوودی هەبێت
بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام دوور بکەوەرەوە لە راهێنانی چڕی بەرز، پابەندبە بە راهێنانی
مامناوەندی کاردیۆ یان کێشی جەستە بۆ رێگریکردن لە ماندوێتی و سەرگێژخواردن.
سێیەم: وەرزشکردن دوای بەربانگ باوترین بژاردەیە، زۆربەی
خەڵک پێیان باشە دوای بەربانگ وەرزش بکەن، نزیکەی یەک بۆ دوو کاتژمێر دوای
نانخواردن.
لەم ماوەیەدا جەستە ئاو دەدرێت و وزەی پێدەدرێتەوە، ئەمەش
وادەکات ئەنجامدانی راهێنانی بەهێز یان راهێنانی چڕی بەرز ئاسانتر بێت.
بۆ ئەوانەی سەرنجیان لەسەر بەدەستهێنانی ماسولکەیە، راهێنان
دوای بەربانگ باشترین بژاردەیە، لانیکەم کاتژمێرێک بۆ هەرسکردن بەجێبهێڵە پێش دەستپێکردنی
راهێنانەکانت بۆ ئەوەی دوور بکەویتەوە لە ناڕەحەتی گەدە.
وەرزشکردن لە مانگی رەمەزاندا بە شێوازی دروست دەکرێت ئەنجام
بدرێت، جا تۆ ئەگەر پێت باشە بەر لە پارشێو، پێش بەربانگ، یان دوای بەربانگ وەرزش
بکەیت، رۆتینێک هەڵبژێرە کە لەگەڵ ئاستی وزە و ئامانجەکانی لەشجوانیتدا بگونجێت.