راچڵەكین -
موقتەدا سەدر لەسەر كوشتوبڕی عەلەوییەكانی سووریا دێتەدەنگ و هۆشدارییش بە دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە دەدات و رایدەگەیەنێت: ناتوانم لەبەرامبەر ئەم دۆخە بێ هەڵوێست بم.
ئەمڕۆ یەكشەممە، موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، لەپەیامێكدا كە لە تۆڕی (X) بڵاویكردووەتەوە، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هێرش و پەلامارەكان بۆسەر عەلەوییەكانی سووریا دەربڕیوەو رایگەیاندووە كە خەریكە دەگاتە ئاستی پاكتاوكردنی تایفی.
سەدر داوای لە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا كردووە خۆیان لە توندوتیژی تایفی بەدوور بگرن، بۆئەوەی بە داعش و تیرۆر تۆمەتبار نەكرێن، هاوكات هۆشداریشی داوە كە ناتوانێت بەرامبەر كشتوبڕی سەر شەقامەكان بێ هەڵوێست بێت.
رابەری رەوتی سەدر داواشی لە عەلەوییەكان كردووە، لەپێناو پاراستنی یەكڕیزیی سووریا، بە حیكمەتەوە رەفتار بكەن و دەرفەت بە توندەڕەوەكان و زایۆنییەكان نەدەن كە دەیانەوێ وڵاتەكەیان داگیربكەن.
ماوەی چەند رۆژێكە بەبیانووی راوەدوونانی پاشماوەكانی رژێمی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بە هێزێكی زۆرەوە هەلیانكوتاوەتە سەر شارەەكانی رۆژئاوای سوریا كە زۆرینەیان عەلەوین و بەپێی ئامارەكانی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، سەدان هاووڵاتی مەدەنی بەتۆمەتی هاوسۆزی لەگەڵ رژێمی پێشوو، گوللەباران كراون و لەچەندین ناوچەش چەكدارانی سەر ئەحمەد شەرع، ماڵی هاووڵاتیانین تاڵانكردووە.