رێباز حەملان لەبارەی دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی روونکردنەوە دەدات

عێراق

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 247

راچڵەکین-

رێباز حەملان لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، رێباز حەملان، بریکاری وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند، "بۆ جاری دووەم بڕیارمدا و بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه‌ دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە".

دەقی راگەیاندراوەکە:

مافی خەڵكی كوردستان زۆر گەورەترە لە پۆست و پلە و پایە..

بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە.

لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخصی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە.

بەتایبەت کە متمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەردەگریت دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت.

لەساڵی ٢٠١٧ لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکومەتی ھەرێم کە رێگەم نەدا ئەنجومەنی وەزیران نیصابى قانونى لەدەست بدات، بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابوری لەناو حکومەت بەردەوام بم لەسەر

خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام.

لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغداد کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردووە ، بەتایبەت جەنابی کاک مەسرور بارزانی خەمخۆرانەو پشوو درێژانە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەل بەغداد ، ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم ، بۆ یه‌كه‌مجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق به‌یاننامه‌ له‌ دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لەبەغداد پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێمکرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبووم، دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گه‌وره‌كرا و له‌گه‌ڵ خودى وه‌زیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە ٢٤ بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به‌ شانازییه‌وه‌ سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.

لەم ساڵی ٢٠٢٥دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتی کردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچەو بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن.

بۆ جاری دووەم بڕیارمداو بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد.

لە کۆتایی مانگی یەک بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه‌ دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن